کەماڵ محیەدینی" نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوەی مەدیتەرانەی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سۆسیالیست لە وڵاتی پورتوگال، بەشداریی کرد.
ڕۆژانی هەینی و شەممە ٢ و ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، کۆبوونەوەی مەدیتەرانەی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سۆسیالیست لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی میلیتاریزم و داگیرکاری و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بەهێزکردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ دادپەروەری و ئازادی، بە بەشداریی ئەندامان و نوێنەرانی کۆمیتەی مەدیتەرانەی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سۆسیالیست، لە "لیسبون"ی پێتەختی وڵاتی پورتوگال بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا هەرکام لە ڕێکخراوەکان، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان پێشکەشی بەشداربووان کرد. لەم پەیوەندییەدا "کەماڵ محیەدینی" نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕێژەی بەرچاوی دەسبەسەرکراوەکان و لەسێدارەدانی چالاکان و زیندانییە سییاسییەکان، ڕێژەی بێکاریی لاوان و پەنابردنی لاوان بۆ کۆڵبەری و گیانلەدەستدانیان لەم ڕێگایەوە لە ساڵی ڕابردوودا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.
ناوبراو ئاماژەی بە گوشارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لاوانی کورد، بەتایبەت ژنان لە نێوخۆی وڵات، بەردەوام بە شێوە جۆراوجۆرەکان لە سۆشیاڵ میدیا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەنگیان بەرز کردووەتەوە و چالاکانە لە مەیداندان و ئێمەش وەک یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمووکات پشتیوانی لاوانی نێوخۆی وڵاتین.
لە ڕۆژی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، "مارگاریدا مارکێس" پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی یەکیەتیی ئەورووپا وتاری خۆی پێشکەش کرد کە نوێنەری یەکیەتیی لاوان پرسیاری لێ کرد کە هۆکاری ئەم دوودڵییە چییە کە سپای پاسداران ناخرێتە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە. کە پەرلەمانتارەکە لەو بڕوایەدا بوو کە دەبێ سپای پاسداران بخرێتە نێو لیستی تیرۆرەوە.
ئێوارەی هەمان ڕۆژ بە سەرپەرستیی "کەماڵ محیەدینی" نوێنەری یەکیەتیی لاوان و "ڕێنا حەسەنییە" نوێنەری ڕێکخراوی لاوانی پرۆگرێسیفی لوبنان، وۆرکشۆپێک لەسەر بابەتی چۆنیەتیی کۆکردنەوەی لاوان لە دژی داگیرکاری لەسەر بنیاتنانی تۆڕەکانی هاودەنگیی نێودەوڵەتی و پێشخستنی چالاکییەکانی سەرکردایەتیی لاوان بۆ ئاشتی و دادپەروەری پێک هات و لە کۆتاییدا ئەندامانی کۆبوونەوەی مەدیتەرانەی یەکیەتیی نێودەوڵەتیی لاوانی سۆسیالیست، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەسەر ئەم باسانە پەسەند کرد.
شایانی باسە کە نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پەراوێزی کاروباری کۆبوونەوەکەدا لەم دوو ڕۆژەدا، دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەندین ئەندام پارلمانی پورتوگال و یەکیەتیی ئەورووپا و چالاکانی سیاسی کرد و جەختیان لەسەر هاوکاریی زیاتر لە داهاتوودا کردەوە.