کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران لانیکەم لە مانگی سێپتامبردا گەیشتە ١٨٧ کەس

11:22 - 12 رەزبەر 2725

ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران لە مانگی سێپتامبری ساڵی ٢٠٢٥ بەرز بووەتەوە و "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران" ١٧١ حاڵەتی لەسێدارەدانی تۆمار کردووە و ڕێکخراوی "هەنگاو"یش لانیکەم ١٨٧ حاڵەتی تۆمار کردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەزبەر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لەسێدارەدانەکانی مانگی سێپتامبری ٢٠٢٥ "لانیکەم ١٧١ کەس" بووە، کە "کەمتر لە ٦ لەسەدی واتا ١٠ حاڵەتی لە میدیای فەرمیدا ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ئاماری ئەو ڕێکخراوە، ٩٠ کەس واتا ٥٣ لەسەد بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و ٧١ کەس واتا ٤٦ کەس بە تۆمەتی کوشتن لە سێدارە دراون؛ جگە لەوەش دوو کەس بە تۆمەتی "سیخووڕیکردن بۆ ئیسرائیل" لە سێدارە دراون و کەسێکیش بە تۆمەتی موحاربە لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ لە سێدارە دراوە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، پێنج ژن، ١٤ هاووڵاتیی بەلووچ، ١٨ هاووڵاتیی کورد، ٤ هاووڵاتیی عەرەب و ٩ کەسی ئەفغانستانی لەو کەسانە بوون کە لە مانگی سێپتامبردا لە سێدارە دراون.

ئەو ڕێکخراوە بەنیسبەت "بێوێنەبوونی'' ڕەوتی لەسێدارەدان لە سی ساڵی ڕابردوودا، ئاماژەی بەوەدا کە لە ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم هەزار و ٤٢  لەسێدارەدانی تۆمار کردووە؛ ژمارەیەک کە زیاتر لە دوو بەرابەری ماوەی وێکچوو لە ساڵی ڕابردوویە.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، ڕێخکراوی مافی مرۆیی هەنگاو ڕایگەیاند کە لە مانگی سێپتامبردا ١٨٧ کەس لە سێدارە دراون کە بەنیسبەت ماوەی وێکچوو لە ساڵی ڕابردوو بازدانی ١٤٠ لەسەدی هەبووە.

هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا لە ٥ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی کەمتر لە ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە هەزار کەسیان لە سێدارە داوە. ئامارێک کە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا بە زیاترین ژمارەی ساڵانەی لەسێدارەدان دێتە ئەژمار.