ڕۆمانی "سنووری بێ سا" لە نووسینی ژیان جیهانفەرد نووسەری شابادی و دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان لەلایەن وەشانخانەیەکی نێونەتەوەییەوە لە ئەمریکا چاپ و بە شێوەی جیهانی بڵاو کرایەوە.
وەشانخانەی نێونەتەوەیی "کامێن نەوفەکەیشێن" ئەمریکایی لەبارەی ناساندنی ئەو ڕۆمانەوە نووسیویەتی:"ئەو چیرۆکە لە سنوورە کێشەلەسەرەکانی نێوان ئێران و عێراقە، شوێنێک کە جیهانفەرد بە پێنووسێکی قووڵ و سوورئاڵ، ڕاستیی کوردستانی هاوچەرخی وێنا کردووە؛ بەرهەمێک لەنێوان جیهانی ئەدەبیی کافکا و کۆندرا، لەبارەی مرۆڤ، ڕەنج و سنوور".
چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەو ڕۆمانە لەلایەن وەشانخانەیەکی نێونەتەوەیی بەناوبانگی جیهان لە ئەمریکا دەرخەری گرنگ و شوێندانەریی نووسینەکانی ئەو نووسەرەیە بە زاراوەی کەلهوڕی.
"ڕۆمانی سنووری بێ سا" یەکەمین کتێبی ئەدەبیی کەلهوڕییە کە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیسی و "چیا پەرویزپوور" وەرگێڕانەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
چیا جیهانفەرد نووسەر و توێژەری خەڵکی شابادی کرماشانە و لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی و ئەندامی ئەنجومەنی پێنووسی ئاڵمانە و هەروەها لە بەشی فیلمسازیی زانکۆی "مۆنیخ"دا خوێندوویەتی.
هەرکام لە کۆبەرهەمی "ئەفسانەی سەرزەوینی با" کە حەوت بەرگە، فەرهەنگی دووزمانی "مانێشت"، کۆبەرهەمی توێژینەوەی "جاودانەگی دەر سکووت"، ئانتۆلۆژیی "دژەدژ" و ڕۆمانی "سنووری بێ سا" بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە کوردەیە.
شایانی باسە ئەو نووسەرە کوردە، لە سەردەمی چالاکیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی خۆیدا لە کوردستان، چەندین جار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە لە دوای هەڕەشە لێکردن، دەسبەسەر کراوە و دواتر کە پەڕیوەی دەرەوەی وڵات بووە لە تورکیە دەسبەسەر و بەند کراوە.