کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی هەینیی خوێناویی زاهێدانەوە لە دانمارک خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو

12:23 - 13 رەزبەر 2725

ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤، لە یادی سێهەمین ساڵوەگەڕی هەینیی خوێناویی زاهێدان بە مەبەستی هاوسۆزیی خەڵکی زاهێدان و بە دەسپێشخەریی "پارتی گەلی بەلووچستان" لە کۆپێنهاگی پێتەختی وڵاتی دانمارک خۆپێشاندانێک بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک کە لەلایەن "پارتی گەلی بەلوچستانـ"ــەوە بانگهێشت کرابوو، بە مەبەستی هاودەردی و هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی بەلووچستان، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆمیتە ناوچەی "شیلەند"، چالاکانە بەشداریی ئەم خۆپێشاندانەیان کرد.

لەم خۆپیشاندانەدا پەیامی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن خاتوو "کەژوان یووسفی" ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزبەوە لەم وڵاتە خوێندرایەوە.

لە بەشێک ئەو پەیامەدا هاتووە کە "لە سەروبەندی سێهەمین ساڵیادی ئەو کارەساتە جەرگبڕ و لەبیرنەکراوەدا یانی ڕۆژی هەینیی خوێناویی زاهێدان لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠١هەتاویدا، یاد و ناوی شەهیدانی بێتاوانی بەلووچ بەرز  ڕادەگرین. کەسانێک کە تەنیا بۆ بەرگریکردن لە کەرامەتی مرۆڤ و دادپەروەری و ئازادی بوون بە ئامانجی گولـلەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران".

ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا هێزە ئینتیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕەوتی ناڕەزایەتیی ئاشتییانەی خەڵکی بەلووچ دوای نوێژی هەینی لە مۆسەلای زاهێدان، ڕوو لە خەڵکی بەلووچ تەقەیان کرد و لە ئاکامدا زیاتر کە ١٠٣ کەس لەوانەش ١٥ منداڵ کوژران.

شایانی باسە ژمارەیەک لە هێز، لایەن و کەسایەتییەکان لەم خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون.