
لە سێهەمین ساڵڕۆژی هەینیی خوێناوی زاهێدان و خاش، ئاکسیۆنێک بە بەشداریی حیزب، لایەن و چالاکانی بەلووچ هەروەها بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات و چالاکانی سیاسی لە بریتانیا بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەر، بەبۆنەی سێهەمین ساڵیادی کوشتاری خەڵکی بەلووچستان لە ٨ ڕەزبەری ١٤٠١دا کە بە ''هەینیی خوێناوی'' ناسراوە، ئاکسیۆنێک لە ''داون ستریت'' نزیک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، لەلایەن حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی بەلووچستانەوە پێک هات.
هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی ئەم ئاکسیۆنەی کرد و پەیامی حیزبی دێموکرات لەلایەن کاوە مودەڕەسی بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا.
جێگەی ئاماژەیە لە دەستپێکی بەرنامەکەدا خاتوو فەریبا بەلووچ چالاکوانی سیاسی و داکۆکیکاری ماڤی مرۆڤ پەیامێکی ئاراستە کرد و دواتر ڕەحیم بەندەوی ئەندامی شۆرای مەرکەزیی حیزبی گەلی بەلووچستان پەیامێکی خوێندەوە.
لەم یادەدا بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب و چالاکانی سیاسی بەشدار بوون و هاودەردی و پشتیوانیی خۆیان لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەم ڕەشەکوژییە بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئیران دەربڕی و ئەم کردەوە جینایەتکارانەیان مەحکووم کرد.