
دیوانی باڵای ڕێژیم بە پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێداردانی محەممەدجەواد وەفایی سانی، لە ناڕازییانی خەزەڵوەری ٩٨، جارێکی دیکە نیشانی دا کە دادپەروەری لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، بووەتە قوربانیی سیاسەت و تۆڵەسەندنەوە لە ناڕازییان.
بابەک پاک نیا، پارێزەری محەممەدجەواد وەفایی سانی ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی ناوبراو سەرەڕای کەموکوڕیی یاسایی لەلایەن لقی ٩ی بەناو دادگای باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
وەفایی سانی، بۆکسێری تەمەن ٢٩ ساڵ و یەکێک لە خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨، بە تۆمەتی ناڕوون و سیاسیی " افساد فیالارض لەڕێگەی ئاگردان و وێرانکردنی کەلوپەلی گشتی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا نووسیویەتی کە سەبارەت بە "دەستێوەردانی لایەنی سێیەم و پێشێلکردنی پرۆسەی دادوەری" لە ڕێگەی نووسراوەوە غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی هێزی بەناو دادوەری ڕێژیمی ئاگادار کردووەتەوە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨دا لە مەشهەد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دوای ناڕەزایەتییە خوێناوییەکانی مانگی خەزەڵوەر، گواسترایەوە بۆ بەندیخانەیی وەکیل ئاباد.
دوو ساڵ دواتر و لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٠دا، لەلایەن دادگای مەشهەدەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە چەندین جار هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام دواجار پاش گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان، ئەو سزایە بە بڕیارێکی سیاسی پشتڕاست کرایەوە.
سەرچاوە مافی مرۆییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا تووشی ئەشکەنجەی توند بووە و دانپێدانانەکانی لەژێر گوشار و هەڕەشەدا بووە. بەڵام دەسەڵاتی دادوەریی ڕێژیم ئەم دانپێدانانەیان کردووەتە بنەما بۆ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان.
ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨، کە لە کاردانەوە بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەستیان پێ کرد، بە خێرایی گۆڕان بۆ شۆڕشێکی سەرتاسەری لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران و بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەست دا و هەزاران کەسی دیکەشیان دەسبەسەر کرد.