پاش تێپەڕینی دە ساڵ، دوا جار ڕێککەوتننامەی ناوکیی نێوان ئێران و وڵاتانی ناسراو بە پێنج کۆ یەک کۆتایی پێهات. ڕێککەوتننامەی بەرجام کە بڕیاری ٢٢٣١ی شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدوادا هات و ئابڵۆقە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بەرنامەی ناوکیی ئێرانی هەڵپەسارد، بە هەنگاوێکی گرینگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێناو پاراستنی ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی داندرا، هاوکات دانانی میکانیزمی ماشە لەو ڕێککەوتننامەیەدا لە چەند ڕوویەکەوە گرینگ و جێگای سەرنج بوو.
شوڕای ئەمنییەت لە بڕیاری ٢٢٣١دا بۆ یەکەم جار ڕێکارێکی سزایی لەژێر ناوی میکانیزمی ماشە بۆ ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی دانا کە بە مەبەستی دڵنیابوون لە جێبەجێکرانی بڕیارنامەکە و پابەندکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک تۆمەتبار بە پێشێلکردنی پەیماننامەی ڕێگری لە پەرەپێدانی چەکی ناوکی لەبەرچاو گیرابوو. دڕدۆنگی و بێمتمانەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی کە بەرهەمی نزیک بە نیو سەدە سەرەڕۆیی و نابەرپرسیارەتی و قەیرانخوڵقێنیی ئەو ڕێژیمەیە، گەلانی ئێرانی بەرەوڕووی دۆخێکی نەخوازراو و مەترسیدار کردۆتەوە. پەرەپێدان بە پڕۆژەی ناوکی و مووشەکی لە دەرەوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕێژەی نزیک لە بەکارهێنانی چەکی ناوکی، ڕێژیمی ئێرانی کردۆتە دەسەڵاتێکی ملهوڕ کە بە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئەمنیەتی نێودەوڵەتی دابنرێ. ئەو سەرەڕۆییە زێدەخوازانەیە لە پەنا پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ و بەرینبوونەوەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتری کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات، دەستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ گرتنەبەری هەر چەشنە ڕێکارێک بۆ ڕێگەگرتن لە کۆماری ئیسلامی و وەستاندنی ئەم ڕێژیمر ئاوەڵا دەکا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی نزیک بە پێنج دەیە حوکمڕانیی خۆیدا بەردەوام لەسۆنگەی بەرنامەی ئەتۆمی و دەستوەردانە هەرێمییەکانیەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کێشە و ڕووبەڕووبوونەوەدا بووە. بەڵام بە چالاککردنی میکانیزمی ماشە لە لایەن شوڕای ئەمنییەت و گەڕانەوەی سزا و ئابڵۆقە نێودەوڵەتییەکان، ئێران دەچێتە دۆخێکی تەواو پەڕاوێزخراوەوە و لەڕووی سیاسی، دیپلۆماسی و ئابوورییەوە بە تەواوی تەریک دەکەوێتەوە. گەڕانەوەی ئێران بۆ ژێر فەسڵی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دەرەنجامی چالاککردنەوەی ئابڵۆقەکان، شەرعییەتی گرتنەبەری هەر چەشنە ڕێکارێک دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە بتوانێ مەترسی لەسەر ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی لا ببات.
وەگەڕکەوتنەوەی ئابڵۆقە ئابوورییەکانی شوڕای ئەمنییەت بۆ سەر ئێران لێکەوتەی جۆراوجۆری دەبێت، وەک ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوت وەک شاڕەگی ئابووریی ئێران، دەستڕانەگەیشتن بە سیستەمی ماڵیی سویفت بۆ گواستنەوەی پارە و دراو، هەڵاتنی وەبەرهێنەرانی بیانی، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، نزمبوونەوەی بەردەوامی نرخی تمەن و خێراتربوونی ڕەوتی کشانەوەی وەبەرهێنەرە نێوخۆیی و بیانییەکان لە بازاڕی وەبەرهێنانی ئێران کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران دەبێ و ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و تەقینەوەی بێزاری و بێدەرەتانیی خەڵک بە شێوەی جیاوازی لێ بەدی دەکرێ.
هەرچەندە کۆماری ئیسلامی پێشتر بۆ ماوەی ٩ ساڵ واتە لە ساڵی ١٣٨٥ هەتا ١٣٩٤ لەژێر فەسڵی حەوتەمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو کە بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی بەرجام کۆتایی بەو دۆخە هاتبوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ و لە بارودۆخێکی جیاواز چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە، گەڕانەوەی ڕێژیم بۆ ژێر فەسڵی حەوتەم، جیاوازە و دەرکەوتەکانیشی زۆر زیاتر لە پێشوو قورس و کارەساتبار دەبن، بە جۆرێک کە ئەستەمە بتوانێ بەرگەی بگرێ و یان لانیکەم بەبێ تێچووی قورس تێپەڕی بکا. ئێستا کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆدا لەگەڵ کۆمەڵە قەیرانێکی بەرینی حوکمڕانی بەرەوڕوویە و سەرەڕای لەدەستدانی متمانە لەلایەن نەتەوەکانی ئێرانەوە، ناتوانێ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵک دابین بکا. سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەریی ژن، ژیان، ئازادی کە لە ماوەیەکی چەند مانگەدا ڕێژیمی هەتا لێواری داڕمان برد، ئەو ڕاستییەی سەلماند کە نیزامی سیاسیی کۆماری ئیسلامی چ لە ڕووی ئایدۆلۆژی و چ لە ڕووی حوکمڕانیدا شکستی خواردوە.
لەلایەکی دیکەوە پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبر و هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەدا و دواتر هێرشی ئیسڕائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی ئابڵۆقەکانی شوڕای ئەمنییەت، دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئێستا ئیدی کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین دەورانی خۆیدایە و زۆربەی کارتەکانی لە سیاسەتی دەرەوەدا لە دەست دەرهاتوە. بە سەرنجدان بەوەش کە ڕایگەیاندوە ئابڵۆقە ئابوورییەکان نابنە هۆی ملکەچبوونی و دەشزانین ڕێژیم نە پابەندی ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان دەبێ و نە واز لە بەرنامەی ناوکیی خۆی دەهێنێ؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆی هەیە بە پشتبەستن بە ماددەی ٤٢ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی ملکەچکردنی ڕێژیم بۆ ڕێزدانان بۆ ئاشتی و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی دژی کۆماری ئیسلامی پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز ببات.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هەر لە سەرەتاوە، سروشتی سەرەڕۆ و دژەمرۆیی ئەو ڕێژیمەی ناسیوە و بەردەوام هەوڵی داوە ڕوخساری ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی بە ڕۆژئاوا نیشان بدا، لەسەر ئەو باوەڕەیە دۆخی هەنووکەی ئێران و مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕ دژی کۆماری ئیسلامی، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ڕێژیمە و دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بەرپرسیارێتیی هەموو ئەو دۆخەیان دەکەوێتە ئەستۆ. هاوکات دەوڵەتانی ڕۆژئاواش دەیان ساڵە بە چاوپۆشیکردن لە پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی سیستماتیکی گەلانی ئێران و تێرۆر و ئێعدامی جیابیران و نەیارانی سیاسی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران، بە کردەوە یارمەتیی ڕێژیمیان بۆ پەرەپێدان بە سیاسەتە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕییەکانی داوە. بۆیە بچووککردنەوەی کێشەخوڵقێنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەرنامەی ناوکی و غافڵبوون لە ماهییەتی تیرۆریستی و دژەمرۆیی ئەو ڕێژیمە، دەرفەتی بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی ڕێژیم ڕەخساند. گەلانی ئێران لە ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت لە بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)دا خوازیاری ڕووخانی ڕێژیم بوون و لە دروشم و ئەکتی جۆراوجۆر و جیاوازدا ئەو ویستەیان دەربڕی. بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە ئەو ڕاستییە ببینێ و دان بەوەدا بنێ کە تاکە ڕێگای ڕزگاریی نەتەوە و پێکهاتەکانی ئێران لەژێر ستەم و دیکتاتۆڕی و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی نابەرپرسانە و گێرەشێوێنانە لە ناوچە و لە ئاستی جیهانیشدا، نەمانی ئەو ڕێژیمە و هاتنەسەرکاری سیستمێکی دێموکراتیک و بەرپرسیارە کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و پابەندییە نێودەوڵەتییەکان بگرێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتئەستوور بە هێزی خەباتگێریی هەردەم ڕوو لە گەشەی زیاتری گەلانی ئێران و کەلکوەرگرتن لە فاکتەری نێودەوڵەتیی، ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ هاوخەباتی و یەکخستنی هێزەکانیان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و هێنانەسەرکاری نیزامێکی سیاسیی فیدڕاڵ، سێکۆلار و دێموکرات بانگهێشت دەکاتەوە.