کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێدا

10:48 - 14 رەزبەر 2725

سامان فەقێ‌نەبی

دوای هێرشی تێرۆریستیی ڕێکخراوی حەماس بۆ سەر وڵاتی ئیسرائیل، ستارتی گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسی و ژیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لێدرا و کاربەدەستانی وڵاتی ئیسرائیل ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە چیتر پێبەندی سنوورەکانی پەیمانی سایکس- پیکۆ نابن و لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە سنوورەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست واتایەکیان نەماوە و ئەو وڵاتە هەوڵ دەدات کە نەزمێکی ژیۆپۆلەتیکی نوێ بەسەر ناوچەدا بسەپێنێ کە دابینکەری ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندانی بێت.

ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەو بارودۆخەی کە لەودا، وا بڕیارە نەقشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابڕشترێتەوە، چ کاریگەرییەک لەسەر سنووری ئەو وڵاتانە جێ‌دەهێڵێت کە نەتەوەی کورد بەپێچەوانەی ویستی خۆی بەسەریاندا دابەش کراوە؟ ئایا کورد لەو وڵاتانە بژاردەی نوێی دێتە بەردەم و دەرفەتی مێژوویی بۆ دەرەخسێت یان تووشی ئاڵنگاری و ئەگەری لەبارچوونی دەسکەوتەکانی ئێستاشی دەبێتەوە؟

لە ڕاستیدا بەشێک لە دەسەڵاتدارانی تورکیە لە سۆنگەی ئاوەزمەندیی سیاسییەوە و وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ستراتێژیی نوێی ئیسرائیلەوە کە لەوانەیە بەرۆکی ئەو وڵاتەش بگرێتەوە، بە هێنانەگۆڕی مژاری برایەتیی هەزارساڵەی کورد و تورک و، بەڕۆژەڤ‌کردنی مەسەلەی چارەسەریی پرسی کورد، لە هەوڵی ئەوەدان کە وەک  پێشدەستییەک بەرامبەر پلانەکانی ئیسرائیل، وڵاتەکەیان واکسینە بکەن و پێش بە ئەگەری دابەشبوونی بگرن. لێرەدا ڕێبەران و بژاردەی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان، نیشانیان داوە کە دەتوانن لەو فەزا تازەیەدا وەک فاکتەرێکی بەهێز و هاندەری ئاشتەوایی مانۆڕ بدەن و بە یاری لە مەیدانی ململانێی نێوان ئیسرائیل و تورکیە و شەڕی هێژمۆنیکیی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بە قازانجی پرسی کورد لە باکووری کوردستان هەنگاو هەڵێنن.

لە وڵاتی سووریەش دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد و داڕمانی کۆڵەکەی بەرەی بەناو موقاومەت و هاتنەسەرکاری گرووپ‌گەلی جیهادی و بناژۆخوازی سوننە، ئیسرائیل تێکۆشاوە کە هەر چەشنە مەترسییەک لەلایەن ئەو گرووپانە بۆ سەر سنوورەکانی نەهێڵێ و بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆ لە دەروزییەکانی هاوسنووری، گەرەنتییەکی ئەمنی دروست کردووە؛ ڕوونە کە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پتر لە دەیەیەک لە پێوەندی لەگەڵ دژایەتیی توندڕەویی ئیسلامی لە سەنگەری پێشەوە‌دایە و لەو بارەوە دەکرێ بڵێین کە ئامانجێکی هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.

هەروەها ئەگەر لە لایەک ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی هەوڵ دەدەن کە بەڕێوەبەریی خۆسەر و حکومەتی کاتیی ئەحمەد شەرع لێک نزیک بکەنەوە، لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیلیش هەوڵ دەدا کە بە دروستکردنی هاوپەیمانییەک لەنێوان کورد و دەروزییەکان، پانتایی هێژمۆنیی خۆی بگەیەنێتە سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان؛ ئاشکرایە لە ئەگەری وەدیهاتنی هەرکام لەو گریمانانە، هەم هەڵوێستی تورکیە و هەمیش خێرایی پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە باکووری کوردستانیش جیاواز دەبێت.

بێ‌گومان یەکێکی دیکە لە لێکەوتەکانی بەهێزمانەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بردنەسەری ئاستیی تواناکانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر گوشارەکانی حکومەتی ناوەندیی عێراق دەبێت؛ چوونکە لە ئەگەری هاتنەئارای پلانەکانی ئیسرائیل لە سووریە، گریمانەی ئەوە دەکرێت کە دۆخی ژیۆپۆلەتیکی وڵاتی عێراقیش تووشی گۆڕان بێت و هەولێر ببێتە ناوەندێکی سیاسیی گرینگ لە نەقشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێدا.

لە پێوەندی لەگەڵ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەکرێ بڵێین کە ئەو مژارە لە لایەک هەم بەڕادەی سەنگ و قورسایی کورد لە هەولێر، قامیشلوو و ئامەدەوە گڕێ دراوە و هەمیش لە لایەکی دیکەوە، ئەوە چۆنیەتیی یەکلابوونەوەی شەڕی مانەوەی (بقاء) کۆماری ئیسلامی و وڵاتی ئیسرائیل بەرامبەر یەکترە، کە دوورەدیمەن و بژاردەکان بۆ نەتەوەی کورد لەژێر سێبەری گوتار و ستراتێژییەکی هاوبەش دەستنیشان دەکات.