
ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤(٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی "کاک مستەفا هیجری"، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دیداری لەگەڵ بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان و دامەزراوەی فریدریش ئێبەرت شتیفتونگ کرد.
مستەفا قازیزادە بەرپرسی بەشی پێوەندییە بیانییەکانی حیزبی دێموکراتیش بەشداری ئەم دیدارە بوو.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا بەڕێز "مستەفا هیجری" کورتەباسێکی سەبارەت بە ناساندنی حیزب پێشکەش کرد و ئاماژەی بە دامەزراندنی حیزب، خەباتی دەیان ساڵەی حیزب بۆ دێموکراسی و فێدراڵیزم لە ئێران و دەستخستنی مافی نەتەوەیی کورد کرد.
کاک مستەفا ئاماژەی بە قوربانیبوونی هەزاران کورد و سێ ڕێبەری گەوەری حیزب لە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا کرد.
خاڵێکی تایبەتی باسەکەی بەڕێز هیجری، سەرکوتی دڕندانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی، کوشتن و دەسبەسەرکردنی سەدان ڕۆڵەی کورد لە شەقامەکان و بۆمبارانی بنکەکانی حیزب لە شۆڕشی ژینادا بوو.
بەڕێز هیجری لە وڵامی پرسیاری بەڕێز فیلیپ فینک، بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان، لەبارەی هەلومەرجی ئێستای ئێران و کوردستان، ئاماژەی بە نەخشی سەرەکیی حیزب و هەروەها ڕێکخراوەکانی دیکەی ڕوژهەڵات لە دەستپێکی شۆڕشی ژینادا کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کورد زۆر ڕێکخراو و یەکدەنگ بەرەنگاری ڕێژیم دەبێتەوە.
کاک مستەفا ئاماژەی بە ڕێکخراوی "کۆنگرەی نەتەوەکانی فێدراڵی ئێران" وەک ناوەندی هاوکاریی نەتەوەکانی غەیری فارس و هەرەوها دیالۆگی نێوان ئەحزاب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان کرد کە حیزب لەو ڕێگایەوە هەوڵی نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتنی هێزەکانی کوردی داوە.
کاک مستەفا لە وڵامی پرسیاری بەڕێز فینک سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی لە دوای شەڕی ئیسرائیل و ئێران سەدان کوردی بە بیانووی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل قۆڵبەست کردووە، حوکمی ئێعدامی دەیان کەسی داوە و بەشێک لەو حوکمانەش بەڕێوە چووە .
بەرێز هیجری ڕایگەیاند: بە لەبەرچاوبوونی ئەو ڕاستییە کە کورد زۆرترین خەسار و قوربانیی بە تایبەت لە شۆڕشی ژینادا داوە، چاوەڕوانی هەیە کە حیزبی سۆسیال دێموکرات دەنگی کورد بێت و ئەو جینایەتانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەرمەزار بکات.
کاک مستەفا هەروەها رایگەیاند کە ئەو حیزبە وەک بەشدار لە دەوڵەتی ئاڵمان لە بەڕێوەبردنی گەمارۆ لە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران سوور بێت کە دەبێتە هۆی لاوازیی هەرچی زیاتری ڕێژیمی ئاخوندەکان.
کاک مستەفا لە درێژەی قسەکانیدا بە لەبەرچاوبوونی فرەنەتەوەییبوونی وڵاتی ئێران، ڕایگەیاند کە هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی دوای کۆماری ئیسلامی بە بێ بەشداریی نەتەوەکانی ئێران سەر ناگرێ.
بەڕێز فینک و خاتوو شتۆلئایس، نوێنەری دامەزراوەی فریدریش ئێبەرت شتیفتونگ، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە چاوەدێریی بارودۆخی ئێران دەکەن و پشتیوانیی خۆیان بۆ خەباتی گەلان لە ئێران و کوردیش دەربڕی.
حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان ئەو حیزبە دووهەم حیزبی بەشدار لە حکومەتی ئاڵمانە. دامەزراوەی ناوبراو لە دیاری کردنی سیاسەتی ئەو حیزبە نەقشی سەرەکی هەیە.