
عەلی لەیلاخ
دەرهێنەرەی بەناوبانگی ئەمریکایی "تۆنی سکۆت" لە فیلمی (لایەنگر١٩٩٦) قامک لەسەر شەیدایی و وەسواسیی کاراکتەرێک دادەنێ کە نغرۆ بووە لە لایەنگرییەکی دەمارگرژانەی لە یاریزانێکی تیمی "بەیسباڵ" و، تەنانەت لەو پێوەندییەدا کە نایهەوێ لەگەڵ واقعیەتی تاڵ، ڕووبەڕوو ببێتەوە، دەبێتە چەقۆکێش و مرۆڤکوژ!
ئەو فیلمە پێمان دەڵێ ڕاستە سەیرکردنی کێبەڕكێ و لایەنگری لە یاریزانان حەزێکی ئاساییە، بەڵام کاتێک نائاسایی دەبێت کە تووشی ئێلیناسیۆن بی، بە واتای غەرقبوون لەو حەزە و، بێئاگابوون لە هەقیقەتەکانی تەنیشتت.
ئەگەر لە ئێستای فەڕانسە و ئیسپانیا، خەڵک بەهەستتر لە ئێران لاینگەری "تیمی نەتەوەیی تۆپی پێ"ی وڵاتەکەیان بن، مادام بنەما دێموکراتیکەکان و گەشەستاندنی وڵات جێ کەوتووە و، "وەرزش" لەژێر ڕکیفی دەسەڵات، ڕزگاری بووە، دەتوانێ بەشێک لە ئۆغژنیی ژیان بێ، بەڵام گەمژەییە کە تاکێکی کوردی بەشمەینەت یان بەلوچێکی بێڕێزکراو، بەرۆکی خۆی بۆ "تیمی میللیی کۆماری ئیسلامی" دادڕێ، کە بە مەیل و ویستی حاکمیەتی سەرکوتکەرە و، هێشتا کێشەی رۆیشتن و نەڕۆیشتنی ژنان بۆ یاریگە، ئامرازی دەستی ناوەندە ئەمنییەکانە کە هەر کات بیانهەوێ شل و توندی دەکەن و، شەقامی ناڕەزایەتیی پێ سەرقاڵ دەکەن.
نموونەی ئەم چاوداخستنە جەمعییە، لە ئێستای کۆمەڵگەی ئێران بە جوانی دەبیندرێ و، بە سەرنجدانێک دەتوانین پەی بە قووڵایی ئەو کارەساتە ببەین کە "مافیای فیلم و فووتباڵ" لە ئێرانێک کە تەنانەت لە ئاستی جیهانیدا لەو دوو بوارەدا قسەی وای بۆ گوتن نییە و، شانازییەکی ئەوتۆی بە دەست نەهێناوە، بەڵام چەندە لە پەکخستن و دوورخستنی کۆمەڵگە لە هەقیقەتی ژیان و دۆخی سیاسیی وڵات بەئەنقەست و بەمەبەست بەکار هێنراون.
لە حەوتووی ڕابردوودا هەواڵێک بڵاو بۆوە کە سۆپەرستارێکی فیلمە گاڵتەجاڕییەکانی ئێران (کە پێی دەڵێن تەنز)، کە پێشتریش یاریزانی تۆپی پێ بووە، بە تاوانێکی گەورە بانگهێشتی دادگا و پاش دەستبەسەرکرانی چەند ڕۆژە، بە بڕی ٢٠٠ میلیارد تمەن وەسیقە، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
هەڵوێستگرتن بەرانبەر بەم هەواڵە، هەڵگری تێڕوانینی زۆرینەی خەڵکی ئێرانە کە چەندە هەستەکی و نابەرپرسانە ڕووبەڕووی ڕووداوەکان دەبنەوە.
بەدەر لەوەی کە نێوەڕۆکی دۆسییەی "پژمان جەمشیدی" چی بێ و چی نییە و، چەندە ڕاستە یان درۆ ، نەفسی کاردانەوە گشتییەکان جێگای سەرنجن، کە بەداخەوە "ناو و ناوبانگ" چۆن دەتوانێ ببێتە هۆی "بۆتسازی" و، ببێتە بکوژی مەنتقی مرۆڤ و، جڤاک پڕ بکات لە بڕیاری "هەیەجانی" تا عەقڵانی.
ئەم هەواڵە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنییەوە و، لە خەڵکی ئاسایی تا دەستەبژێرانی بواری "فیلم و فووتباڵ" هەوڵیان دا تا لە تاکێکی کۆمەڵگە، کە دەتوانێ هەڵگری نەخۆشیی دەروونیش بێ، "قەداسەت"ێک ساز بکەن لەسەر "بەناوبانگ"بوون و، جێی داخ ئەوە بوو کە ناسراوبوون و دەوڵەمەندبوونیان دەکردە پەڕژینێک بۆ پاراستنی! ئەمە بەرهەمی هەمان نەخۆشیی "لایەنگریی دەمارگرژانەیە" کە چاوت دەبەستێ و، تێڕوانینت کوڵ و کورت دەکاتەوە.
لووتکەی کارەساتەکە ئەمە بوو، خەڵک بێ ئەوەی بزانێت نێوەرۆکی دۆسییەکە چییە جێگای "تاوانبار" و "قوربانیان" گۆڕی؛ واتە لە کەیسی بەناو دەسدرێژیی سێکسی، بە پاساوهێنانەوەی نابەجێ، هەمدیسان ژنیان بە تاوانبار لەقەڵەم دەدا، مەبادا پیاوەکە چونکە "ئەکتەرێکی ناسراو و خاوەنی پلە و پارەیە لە "مافیای فیلم و فووتباڵ"، پرێستیژی خەوشی تێ کەوێ.
لەوانەیە بگوترێ چونکە دەزگای دادی ئێران جێی متمانە نییە، بۆیە خەڵک وا هەڵوێستیان گرت، بەڵام ئەمە بەمەرجێک ڕاستە کە لە کاتی سزای ئیعدام و زیندان و دوورخستنەوەکانی ناڕازییان و زڵملێکراوانی ئەم دواییانە، بە چەشنی بنەماڵەی دادخوازانی ڕاپەڕینی ژینا، هەمان دید و هەمان هەوڵ هەبێت؛ نەک هەقیقەت ببێتە قوربانیی "شهرت"! ئەویش لە کۆمەڵگەیەک کە عەداڵەتیی شارۆمەندی بۆ درەوشانەوەی لێهاتووانی بوارەکانی فیلم و فووتباڵ بۆ هەمووان یەکسان نییە!
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا دەیان کەس بە پەلەپەل دادگایی و لەسێدارە دران، چونکە نە خەڵک کاردانەوەی وایان نواند، نە تیمی کارکوشتەی وەکیل و پارێزەری پارەنەویست! فریایان کەوتن.
مەبەست لە مافیای "فیلم و فووتباڵ " چییە لە ئێران؟
لە کاتێکدا بەهۆی دەسەڵاتی ناخەڵکیی کۆماری ئیسلامییەوە، ژیانی ئاسایی لە ئێران لە تەوسێکی تاڵ دەچێت، زۆری و بۆری فیلمە کۆمێدییەکان لە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی و پلاتفۆرمەکانی دیکە، پاتەوپات لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەتەکان و ڕووداوە سیاسییەکان پێوەندی هەیە و، دەرخەری ئەم ڕاستییە کە ناوەندە ئەمنییەکان چاک لە خەڵکی ئێران تێگەیشتوون و، هەر کات پێویست بووە ڕێگایان خۆش کردووە بۆ زۆربوونی فیلم و سریاڵی نێوەرۆکتەوس و ئەم گەپجاڕییەش، هێندێک جار بە چاوپۆشینی دەزگای سانسۆر، هێڵە سوورەکانیشی تێپەڕاندووە.
سناریۆی كڵێشەیی و گاڵتەوگەپی جینسی و دووپاتەکردنەوەی سووژە دێمۆدە و، تیکراریبوونی ئەکتەرەکان، خاڵی هاوبەشی کۆی بەناو فیلمی تەوسی ئەم ڕۆژانەی ئێرانن کە زیاتر لە تۆڕی جاڵجاڵۆکەی مافیایی دەچێت هەتا گرینگایەتیی ژانری تەنز لە هونەری حەوتەمدا.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە ماڵپەڕی "فیلمنگار" ڕێژەی فیلمەکۆمێدییەکان لە ئێران بەپێی دەوڵەتەکان و دۆخی ئەمنی و سیاسیی وڵات گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
لە پاش شەڕی ئێران و عێراق لە سەردەمی ڕەفسەنجانی بۆ هێورکردنی لێکەوتەکانی دوای شەڕی ٨ساڵە، فیلمی تەنز لە ئێران پەرەی گرت.
لە سەردەمی خاتەمی لە کزی دا و، لە پاش ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ دیسان ئەم ڕەوتە جێیگومانە! سەری هەڵدایەوە، هەتاکوو دوای ڕاپەرینی ژینا، کە بەڕاشکاوی دیارە دەسەڵات، دەسئاوەڵایی بە دەرهێنەران و بەرهەمهێنەران بەخشیوە بۆ پەرەپێدان بەم جۆرە بەرهەمانەو، مەبەستەکەشی ڕوون و ئاشکرایە.
دیارە بە هۆکارگەڵێکی کۆمەڵناسانە بە میلیاردیش دەفرۆشرێن چونکە لە تەنیشتی ئەم بێسەروبەرەییە، ڕەخنە جیددی و دەنگی جیاواز نییە کە بە خەڵک بڵێ: فریوخواردوویی ئێوە ملئەستۆریی ئیستبدادی بە دواوەیە و هەندێک شت بۆ گاڵتەکردن نابن بەڵکوو بۆ ڕووبەڕووبۆنەوە دەبن! وەکوو ڕانت و بەرتیل و گرانی و کەتنە کۆمەڵایەتییەکان.
بە زمانی سادە لە سینەمای بەناو تەنزی ئێران هەموو کێشە بنەڕەتییەکانی وڵات چونکە جڵف و سەرسەرییانە باس دەکرێن، بڤە نین، بەڵام کە کران بە نێوەرۆکی بابەتێک نووسەرەکە دەسبەسەر و، ماڵپەڕەکەش دادەخرێ.
ئەم قسەی "هێگڵ" لەو بارەوە تەواو ڕاستە کە دەڵێ: کاتێک گاڵتەکردن جێگای "کردەوە" دەگرێت و، پێکەنین جێگای ڕووبەڕووبوونەوە، ئێمە بەرەبەرە لە ئەخلاق و لە هەقیقەت و لە ئیمکانی ئاڵوگۆڕ دوورتر دەبینەوە.
"فووتباڵ"یش بەهەمان شێوە، لە ئێران مافیاییەکی سیستەماتیکە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و، هەر بەپێی ناوی تیمەکانیان، پێرسپۆلیس" (شاری فارسەکان)، "سپاهان" و هەتا تیمی "تاج"، خۆسەپاندنێکی ناوەندگەرایانەیە.
لە سەردەمی رۆمی باستان، ئەگەر گلادیاتۆرە کۆیلەکان ببوون بە ئامرازی سەرقاڵیی دەوڵەمەندەکان، لە ئێستای ئێرانی بەڵالێدراو، ئەوە سلێبریتییە دەستڕۆیشووتەکانی "فیلمی تەوس و فووتباڵ"ن، کە خەڵک بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن و، لە هەقیقەت دووریان دەکەنەوە.