کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە کێبڕکێی جۆدۆی بریتانیادا پلەی دووەمی بەدەست هێنا

11:53 - 20 خەزەڵوەر 2725

یاسر حەیدەری، لاوی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کێبڕکێی جۆدۆی گەورەساڵانی بریتانیا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا و مداڵی زێوی ئەو کێبڕکێیەی بردەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٤٠٤ی هەتاوی، لە شاری لەندەنی پێتەختی بریتانیا کێبڕکێی جۆدۆی گەورەساڵان بەڕێوە چوو و لاوی کورد "یاسر حەیدەری" لە کێشی ٦٠  کیلۆگرەمدا بەشداریی کرد و توانیی پلەی دووەم بەدەست بێنێت و شانازییەکی گەورە بۆ کوردستان تۆمار بکات.

یاسر حەیدەری کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، ئەو سەرکەوتنەی پێشکەش بە شەهیدانی ڕاپەڕینی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ کرد و لەوبارەوە ڕاگەیاند: "ئەو سەرکەوتنە پێشکەش بە شەهیدانی خەزەڵوەری ٩٨ کە بۆ ئازادی، کەرامەتی مرۆڤ و مافی دیاریکردنی چارەنووس هاتنە سەر شەقام و لەلایەن ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامییەوە شەهید کران".

یاسر حەیدەری، لاوی تەمەن ٣٣ ساڵ و لەدایکبووی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بڕوانامەی کارناسیی باڵای وەرزشی هەیە.

ناوبراو لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە ورزشی جۆدۆ دەکات و خاوەنی دان ٣ی جۆدۆیە و ڕاهێنەر و داوەری فەرمیی ئەم وەرزشەیە.