ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤(١٠/١١/٢٠٢٥) کاک محەممەد فەقێعەلی بە هاوڕێیەتیی کاک عارف غەریبی ئەندامی دێرین و چالاکی کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە، سەردانی کلوبی سۆسیال دێموکراتەکانی شاری ڤییەنیان کرد.
هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزب لەلایەن خاتوو شەفەق ئاکچای ئەندامی پارلەمانی شاری ڤییەن و وتەبێژی ئەو حیزبە بۆ بەشی کەمینە نەتەوایەتییەکان و حاوانەوە لە شاری ڤییەن لەسەر لیستی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئۆتریش پێشوازییان لێ کرا.
محەممەد فەقێعەلی سەرەتا مێژوویەکی کورتی لە کار و تێکۆشانەکانی حیزبی دێموکرات بۆ خانەخوێ باس کرد و لەم باسەدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەر دوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سۆسیال دێموکراتەکانی وڵاتی ئۆتریش لەسەر بنەمای یەک ئیدۆلۆژیی هاوبەشن و هەردووکیان لە سۆسیال ئینتەرناسیۆناڵدا ئەندامن، بۆیە چاوەڕوانیی هاوکاری و پشتیوانیی حیزبی دێموکرات لەلایەن سۆسیال دێموکراتەکانەوە بە دڵنیایەوە زیاترە بۆ نەتەوەی کورد.
پاشان بە کورتی باسی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا و خاتوو شەفەق ئاکچای داوای کرد کە ئەم بابەتە لە دانیشتن و سەردانێکی دیکەدا بە بەشداریی بەشی مافی مرۆڤی پارلەمانی ناوچەی شاری ڤییەن بە وردی باسی لێ بکرێت.
لە کۆتاییدا خاتوو شەفەق ئاکچای وێڕای سپاس و پێزانین بۆ ئەو سەردانە هیوای خواست کە لەمە بەو لاوە بەتایبەتی لەگەڵ بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتیدا لە پەیوەندیی زیاتردا بن.