کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردەکانی عێراق دەستکەوتێکی سیاسی بۆ ئەم وڵاتە و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانییەتی

20:05 - 21 خەزەڵوەر 2725

کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێسکی خۆی، ڕایگەیاند کە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ئەم هەڵبژاردنە لە کەشێکی ئارام و بە چاودێریی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەتوانێ یارمەتی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ڕێزگرتن لە بەهاکانی دێموکراسی و ڕێوشوێنە دێموکراتیکەکان بدات.

دەقی پەیامەکەی کاک مستەفا بەم چەشنەیە: بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەکانی عێراق، ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پارلەمانی ئەم وڵاتە زیاتر لە ٥٥٪ بووە و گوتەبێژی کۆمیسیۆنیش جەختی لەسەر شەفافییەت و ئازادانەبوونی هەڵبژاردنەکان کردووەتەوە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هاووڵاتییانی کورد بە ڕێژەی بەرچاو چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەربژێری لایەن و ڕەوتە سیاسییەکانی خۆیان هەڵبژارد.

بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ئەم هەڵبژاردنە لە کەشێکی ئارام و بە چاودێریی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە دۆخی ئێستای ناوچەکە و لە بەستێنی گۆڕانکارییەکاندا، دەستکەوتێکی سیاسی بۆ ئەم وڵاتە و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەژمار دەکرێ و لە داهاتووشدا دەتوانێ یارمەتی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ڕێزگرتن لە بەهاکانی دێموکراسی و ڕێوشوێنە دێموکراتیکەکان بکات. بە تایبەتییش هیوادارین لە چوارچێوەی دەستووری حکوومەتی فێدڕاڵی عێراق، هەوڵی زیاتر بۆ چەسپاندنی مافە دەستووری و ئیداری و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان  بدرێت.

 

مستەفا هیجری

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی

١٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٥ی زایینی