
ڕەحیم نزهەتزادە
دەستگیرکردنی توندوتیژانەی جەهانگیر ڕۆستەمی، مامۆستای خانەنشینکراو و ئەندامی کۆمەڵەی مامۆستایانی هەرسین، لە کۆتاییەکانی ڕەزبەری ١٤٠٤، بۆ جارێکی دیکە ڕووی ریسوا و نامرۆڤانەی سیستەمێکی ئاشکرا کرد کە زیاتر لە چوار دەیە دادپەروەری لە گوتار و جیاکاری لە کرداردا بە دامەزراوەیی کردووە. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆمەڵەی مامۆستایانی ئیسلامئاوای رۆژئاوا، هێزە ئەمنییەتییەکان شەو هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و ئەو مامۆستایەیان دەستگیر کردووە، بە لێدان گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئەڤین، هەروەها ڕێگری لێ كراوە نە پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بكات، نە دەستی بە پارێزەر بگات. ڕاپۆرتە جێی متمانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەستگیرکردنەکە، هەوڵێکە بۆ فشارخستنە سەر کوڕەکەی، "ئیحسان ڕۆستەمی"، بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ؛ شێوازێک لە ئامێری ئەمنی کۆماری ئیسلامیدا، كە وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندن و سوكایەتیپێكڕدنی نەیاران بەدامەزراوەیی کراوە.
بەڵام ئەم ڕووداوە تەنیا دەستبەسەركران نییە، بەڵکووو هێمای سیاسەتێکی درێژخایەن و ڕێکخراوە، بۆ سەرکوتکردنی پەروەردەکارانی کورد. لە کۆماری ئیسلامیدا زۆر جار کوردبوون بۆخۆی وەك پێناسەیەكی ئەمنییەتی دێتە هەژمار. مامۆستایانی کورد نەک هەر ناچارن لە بەرامبەر کۆت و بەندییە دارایی و پێكهاتەكان تێبكۆشن، بەڵکوو لەگەڵ ترسی بەردەوامدا لە گرتن، دەرکردن، یان تۆمەتبارکردن بە "پڕوپاگەندە دژی سیستەمدا" دەژین.
ڕێكەوتی ئەم دەستگیرکردنە، لەگەڵ شەپۆلێکی نوێی سەرکوتی چالاکانی سەندیکاکان لە کوردستان، بەڕێكەوت نییە. لە چەند مانگی ڕابردوودا دەیان مامۆستای کورد بە تۆمەتی هەڵبەستراو وەک "پەیوەندیکردن لەگەڵ گرووپە دژبەرەكان" یان "هاندانی قوتابیان" دەستبەسەر كراون؛ تۆمەتگەلێك کە هیچ بنەمایەکی یاسایییان نییە و تەنیا بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر نادادپەروەرییە پەروەردەییەکان و هەڵاواردنی نەتەوەیی بەکار دەهێنرێن. بۆیە دەتوانین ناوی "ئەندازیاری بێدەنگی نەتەوەیی" لەو سیاسەتە بنێین، هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی هۆشیاری لە قوتابخانەکاندا، بۆ ئەوەی نەوەیەکی نوێی کورد، بێدەنگ و بەبێ مێژوو پێ بگەن. گرتنی پەروەردەکارانی وەک ڕۆستەمییەکان، لە حەقیقەتدا هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر دامەزراوەی پەروەردە و هزری سەربەخۆ لە کوردستاندا.
لە ڕوانگەی یاساییەوە، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ جەهانگیر ڕۆستەمی، پێشێلکردنی ڕوونی بنەما دەستوورییەکانی خودی ئێران و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانە. بەپێی مادەی ٣٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لە هەموو دادگاکاندا لایەنەکانی دۆسیەکە، مافی خۆیانە پارێزەری خۆیان هەڵبژێرن. هەروەها ئێران بە ئیمزاکردنی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان بەڵێنی داوە، کە هیچ هاووڵاتییەک بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەستبەسەر نەکرێت. بەڵام حکوومەت ساڵانێکە ئەم پابەندبوونانە پێشێل دەکات، دڵسۆزیی نەتەوەیی و ئایینی وەک پێوەرێکی ئەمنی بەکاردەهێنێت، نەک یاسا.
لەم نێوەندەدا بێدەنگیی زۆرێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوەندگەرا، خۆی جۆرێکە لە بەشداریکردن لەم سەرکوتکردنەدا. وەک سەندیکای مامۆستایانی ئیسلامئاوای ڕۆژئاوا جەختی لەسەر کردووەتەوە، بێدەنگی لە بەرامبەر نادادپەروەریدا، بە واتای هاوبەشیکردنە لەگەڵ ئامێری سەرکوتکردن. هەر جارێک دەنگی مامۆستایەک بێدەنگ دەکرێت، خۆڵەمێشی هەڵاواردن فراوانتر بڵاو دەبێتەوە، ڕەگ و ڕیشەی ڕەگەزپەرستیی دەوڵەتیش قووڵتر.
لێدان و ئازاردانی مامۆستایەکی خانەنشین، کە ژیانی خۆی بۆ پەروەردەکردنی جیلەكان تەرخان کردووە، تەنها پێشێلکردنی جەستەی نییە، سووکایەتیکردنە بە پیرۆزیی زانست و مرۆڤایەتی. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە ئەوە دەردەخەن، کە حکوومەت نەک تەنیا دژی ناڕەزایەتیی سیاسییە، بەڵکوو لە خوێندنی ئازاد و بیری سەربەخۆش وەهمی هەیە. لە ژینگەیەکی ئاوادا، هەموو مامۆستایەکی ئاگادار و بەرپرسیار بە "دوژمنی ئاسایشی نیشتمانی" دێتە هەژمار.
کوردستان ساڵانێکە، مەیدانی تاقیکردنەوەی سیاسەتە ئەمنی و ڕەگەزییەكانی کۆماری ئیسلامی بووە. نکۆڵیکردن لە خوێندنی زمانی دایکی، هەڵاواردن لە دامەزراندن، سانسۆری فەرهەنگی و گرتنی چالاکانی سەندیکاکان، هەموویان بازنەیەكن لە پرۆژەیەکی گەورەتردا؛ وردە وردە نەهێشتنی ناسنامەی کوردە، لە کایە و فەزای گشتیی ئێراندا. دەستگیرکردنی جەهانگیر ڕۆستەمی نیشانەی بەردەوامبوونی ئەم پڕۆژەیەیە؛ پڕۆژەیەک کە لەگەڵ هەر دەستگیرکردنێکی نوێدا، ڕووخساری ڕاستەقینەی زیاتر لە پێشوو ئاشكرا دەبێت.
ڕیسوایی ئەمڕۆ لەوەدا نییە، کە حکوومەت لە مامۆستایەکی داوە و زیندانی کردووە؛ ڕیسواییەكە لەوەدایە كە جیهان لە سەدەی بیست و یەکەمدا هێشتا شاهیدی ئەو جۆرە کارەساتانەیە، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش لە بەرامبەر ئەودا بێدەنگ ماون. ئەگەر بڕیار بێت كە دادپەروەری مانایەکی هەبێت، دەبێت هەر لێرەوە دەست پێ بکات، بە بەرگریکردن لە مامۆستایەک، کە لە بێدەنگیی زیندانی ئەڤین، هێشتا باوەڕی بە ئازادی هەیە.
سەندیکای مامۆستایانی ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا، بە بوێرییەکی ئەخلاقیەوە ڕایگەیاندووە: بێدەنگی لە بەرامبەر نادادپەروەریدا هاوبەشی ستەمکارییە. ئێستا نۆرەی ویژدانی بەكۆمەڵی کۆمەڵگەیە، کە لە تاقیکردنەوەی هاودەنگی و کەرامەتی مرۆڤایەتی بە سەركەوتوویی دەربچێت، چونکە ئازادی، بڕیارە مانایەکی هەبێت، دەبێت لە پۆلی خوێندنەوە دەست پێ بکات.