کومیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی لە شاری ئۆرێبرووی سوید سیمینارێکی بۆ بەڕێزان دوکتور "کوێستان گادانی" و دوکتور "جەواد دانش پەژوو"، ئەندامانی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات پێک هێنا.
لەو سمینارەدا د. کوێستان گادانی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات باسێکی گشتیی سەبارەت بە ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێران و کوردستان دوای شۆڕشی ژینا، ٧ی ئۆکتۆبر و شەڕی ١٢ڕۆژەی نێوان ئیسڕائیل و ڕێژیمی ئێران، ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی حیزبی دێموکڕاتی لەپێوەندی لە گەڵ هێزە سیاسییەکانی ئێرانی و کوردستانی پێشکەش کرد. ناوبراو لە باسەکەیدا ڕوانگە و بۆچوونی حیزبی دێموکراتی لەمەڕ ئاڵوگۆڕەکان و ئەو هەنگاوانەی حیزب لە شۆڕشی ژیناوە تا ئێستا بەمەبەستی یەک هەڵوێستیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بۆ کاریگەریی و ڕۆڵی زیاتر لە ئاڵوگۆڕەکانی ئێراندا خستە ڕوو و پێویستیی لێک نیزیکتربوونەوەی زیاتری هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەک خواستی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێنایە بەر باس.
د. کوێستان گادانی پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە ئەو قەیرانانەی کۆماری ئیسلامی بۆخۆی خولقاندوونی وەک دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، دروستکردن و پاڵپشتیی هێزە نیابەتییەکان، قەیرانی ناوکی، گرانی و بێکاری و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە ئێستا بەرۆکی خودی ڕێژیمیان گرتۆتەوە و ناتوانێ بە شێوازی ڕابردوو درێژە بە تەمەنی نگریسی خۆی بدات.
بەرپرسی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەش کە هەتا ئێستا توانیویەتی لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت، سیاسەتی داپڵۆسێنەرانە و نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتووی بەهێزە کە ڕوانگەیەکی دێموکراتیک و بڕوای بە مافی یەکسانیی گەلانی نێو چوارچێوەی ئێران هەبێت. بەڕێز گادانی لەو پێوەندیەدا هەوڵی لێک تێگەیشتنی لەگەڵ ئەو هێز و لایەنە سەراسەریانە دەدرێت کە دان بە مافی گەلەکەمان دا بنێن، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کورد وەک فاکتەرێکی گرینگ لە مەیدان دا بێت. پێکهێنانی "ناوەندی دیالۆگ" هەنگاوێکی باشە لەو پێناوەدا. ناوبراو لەپێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا گوتی: "حیزبی دێموکرات هەر وەک پێشوو پشتیوانیی چارەسەریی ئاشتییانەی کێشەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانە و پێشوازی لە هەر هەنگاوێک بەرەو ئەو ئاراستەیە دەکات. حیزبی دێموکڕات پێی وایە چیدیکە ڕێژیمەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا ناتوانن وەک پێشوو کورد بخەنە پەڕاوێزەوە".
لە بڕگەیەکی دیکەدا دوکتور "جەواد دانش پەژوو" لە باسێکی تەشکیلاتیدا لەسەر گرینگیی تەشکیلاتێکی پتەو بۆ هەر هێز و ڕێکخراوێکی سیاسی پێشکەش کرد و باسی لە چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی کاری حیزبی لە نێو کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت لاوان کرد. ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لیستی تێرۆرەکانی ڕێژیم نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە هێزی پێشمەرگە ناترسێت، بەڵکوو لە تەشکیلاتێکی پتەو دەترسێت. هیوای خواست کە بە هاوکاریی هەموو لایەکمان بتوانین سەرکەوتنی زیاتر لەو بارەوە بەدەست بێنین.
لە بەشی کۆتایی سمینارەکەدا ئەندامانی حیزب وێڕای بەشداریی چالاکانەیان ڕەخنە، تێبینی، پرسیارەکانیان خستە بەرباس و لەلایەن ئەو دوو بەرپرسەی حیزبەوە وڵام درایەوە.