کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بارەی مەحکوومکردنی کارەساتی گیان‌لەدەستدانی ئەحمەد بالدی و سەرکوتکارییەکانی دژی نەتەوەی عەرەبی ئەهواز

18:15 - 25 خەزەڵوەر 2725

 

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئاگادار بووین کە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، ئەحمەد بالدی، خوێندکاری تەمەن بیست ساڵ و گەنجی عەرەبی ئەهوازی کە لە ناڕەزایەتیی بە ڕووخاندنی دوکانی بنەماڵەکەی لە لایەن مەئمورانی دژە‌ خەڵکی شارەداریی ئەهوازەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، دوای خۆڕاگرتن لە بەرامبەر برینی سەخت، گیانی لە دەست داوە.

بەم بۆنەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی داغدار و دۆستان و کەسوکار و نەتەوەی عەرەبی ئەهواز، ئەم کارەساتە بە درێژەی ئەو مەینەتی و زوڵم و هەڵاواردنانە دەزانێت کە بە درێژایی ئەو ساڵانە بە شێوەیەکی سیستماتیک و تەواو ئامانجدار لە‌ دژی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران کراوە.

بە ڕوانگەی ئێمە ئەم جۆرە کارەساتانە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتداریی ڕێژیمێکی ستەمکار و کولتوورێکی سیاسی لەسەر ئەساسی هەڵاواردن و داگیرکاری و ڕق و کینەی دەسەڵاتدارانی ئێران بەرامبەر بە نەتەوەی عەرەب و نەتەوەکانی دیکەی وەزاڵەهاتوو لە کەڵەکەبوونی ستەم و سەرکوت و هەڵاواردن و حاشالێکردن و سوکایەتی پێکردن لە‌ دژی خۆیەتی.

ئەحمەد بالدی نموونەی ئاشکرای میلیۆنان کەسی پڕ لە ئازارە کە لەنێو نەتەوەی عەرەبی ئەهواز و ناوچەکانی وەک بەلووچستان، کوردستان و ناوچەکانی دیکەی نەتەوە چەوساوەکانی ئێران، سەرەڕای بوونی دەریایەک لە سەروەت و سامان لەژێر پێیان، ڕۆژانە شایەتی تاڵانکردنی سەرچاوە و سەرمایەی نەتەوەیی خۆیان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوەن و پشکی ئەوان لەم ئیمکانات و سامانە سروشتییانە تەنیا هەژاری و بێبەشییە و تەنانەت ئازار و هەوڵەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی کەمترین ئیمکانات بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە بەرەوڕووی تەنگپێهەڵچنین و گوشاری سەرکوتکەرانەی ڕێژیم و شکاندنی کەرامەتی ئینسانیی خۆیان دەبنەوە و لە هەلومەرجێکی لەو جۆرەدا ئەگەر لە دەستی جەلادەکانی ڕێژیم ڕزگاریان بێت، هەندێک جار لەوپەڕی بێهیوایی و توڕەیی سەرچاوەگرتوو لە سوکایەتی پێکردنی لەڕادەبەدەر، بەم شێوەیە تەندروستی و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.

هەروەها، دوابەدوای کارەساتی مەرگی ئەم گەنجە، ڕێژیم لە هەنگاوێکی هاوتا لەگەڵ سیاسەت و سروشتی سەرکوتگەرانەی خۆیدا، ژمارەیەک ڕۆژنامەوان و چالاکی عەرەبی ئەهوازی لەوانە حەسەن سەلامات، جەواد ساعدی و سەید سادق ئالبوشوکە دەسبەسەر کرد و وێڕای گەمارۆدانی نەخۆشخانە، ڕێگری لە خەڵک کردووە کە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەحمەد بالدیەوە بکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو جۆرە گوشارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر نەتەوەی عەرەبی ئەهواز کە بووە هۆی ڕوودانی کارەساتەکانی وەک خۆسووتاندنی ئەحمەد بالدی و هەروەها دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان و سانسۆری هەواڵ و گوشار بۆ سەر بنەماڵەی ئەم گەنجە بە توندی مەحکووم دەکات و هاوخەمی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەی و نەتەوەی عەرەبی ئەهواز دەردەبرێت.

ئێمە هەروەها لە کۆڕ و کۆمەڵە نیونەتیوەیی و ئەنجومەن و ناوەندەکانی مافی مرۆیی چاوەڕوانیمان هەیە و لە بەرامبەر هەڵاواردن و تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی عەرەبی ئەهواز و نەتەوە ژێر دەستەکانی دیکە و پێشێلکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران هەڵوێستی جیددی بگرنەبەر و ئەم ڕێژیمە لە بەرمبەر تاوانەکانی ناچار وڵامدانەوە بکەن.

 

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندەی پەیوەندییە گشتییەکان

١٤٠٤/٨/٢٥ هەتاوی

٢٠٢٥/١١/١٦ زایینی