کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سیمیناری "سووریە بەرەو کوێ؟"

10:48 - 26 خەزەڵوەر 2725

لە سەر بانگهێشتی فەرمی "بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دێموکراتیک لە هەرێمی باکوور و ڕۆژاوای سوریە" و هەروەها ئاکادیمی پەروەردەی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئوتریش لە شاری ڤییەن، هەیئەتێکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بەشداری سیمینارێک بوون کە لە ژێر سەردێڕی " سووریە بەرەو کوێ دەڕوا؟" ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر بە بەشداریی چەندین کەسی سیاسی ئوتریشی و کورد بەڕێوە چوو.

نوێنەرایەتی حیزب کە پێکهاتبوو لە محەممەد فەقێ عەلی بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان و کاک عارف غەریبی ئەندامی دێرین و چالاکی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئوتریش، وێڕای هێنانە بەرباسی پرسیار و پێشنیاراتی خۆیان توانیان لە میانەی ئەم سیمینارەدا ڕاستەوخۆ لە گەڵ کۆڕگێڕان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ فوئاد عومەر بەرپرسی بەشی کۆمیتەی دیپلۆماتی پارتی یەکیەتی دێموکرات لە ئورووپا (پ ی د) ئەلەکساندەر ئاکەرل ئەندام پارلمانی شاری ڤییەن و بەرپرسی بەشی کاروباری نێونەتەوەیی و ئورووپای حیزبی سۆسیال دیمۆکرات، بە کورتی لە سەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کارو چالاکیەکانی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە باسێکی لەگەڵ کردن.

هەروەها نوێنەرایەتی حیزب لەگەڵ خاتوو هایدی سێکوینس ئەندام پارلمانی حیزبی سەوز، لەسەر هێندێک پرس قسەیان کرد.

ئاری میلان نوێنەرایەتی حکوومەتی خۆسەر و هەروا دوکتور نوور جنوب بەرپرسی یەکەمی ڕێکخراوی شەمس، کە لەبواری مافی مرۆڤ و بەتایبەتی بۆ مافی کەمینەکانی نێو سووریە تێدەکۆشێت دوو کەسی دیکە لەم کۆڕ گێڕانەبوون کە نوێرایەتی حیزبی دێموکرات توانی لە نیزیکەوە لەگەڵیان بدوێت و بە کورتی ڕا و بۆچوونی خۆی بگۆڕێتەوە.