کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێکی سیاسی - تەشکیلاتی لە وڵاتی نۆروێژ

10:34 - 27 خەزەڵوەر 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤(١٦/١١/٢٠٢٥)، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئامادەبوونی هەیئەتی ناوەندی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات سێمینارێکی سیاسی_ تەشکیلاتی لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان لەلایەن بەڕێز ئیدریس هەمزەیی ئەندامی کۆمیتە دەستی پێ کرد.

لە بەشی یەکەمی سێمینارەکدا هاوڕێی بەڕێز د. کوێستان گادانی بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی وڵات باسێکی سیاسی_ تەشکیلاتیی پێشکەش کرد و وێڕای ئاماژەکردن بە هەلومەرجی ئێستای حیزبی دێموکرات هەم لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئاماژەی بە سازماندێهیی نوێی حیزب لە دەرەوەی وڵات لە دوای کۆنگرە و دابەشکردنی ئەرکەکان بە گوێرەی ئەو هەلومەرجەی لە دەرەوەی وڵات بە پێویست زانراوە.

لە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبر و شەڕی ١٢ ڕۆژە و ڕوانگەی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ئاست حکوومەتی ئێراندا، بە فیڕۆدانی سەرمایەی نەتەوەیی لەلایەن دەسەڵاتدارانی  ڕێژیمەوە لەپێناو گرووپە نیابەتییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ناوخۆدا کاریگەرییەکانی ئەو ڕووداوە بە جۆرێکە کە کۆماری ئیسلامیی زۆر لاواز کردووە و ئەو گەمارۆ ئابووری و گوشارە سیاسییانە بە جۆرێک شوێندانەر بووە کە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران ناگەڕێتەوە پێش ئەو ڕووداوە و ناتوانێ ماوەی مانەوەی خۆی درێژ بکاتەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیونی ئێرانی بەگشتی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی هەموو هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە دەوری پلاتفۆرمێک کۆ بکاتەوە و تێکۆشاون کە پێوەندی بە ئۆپۆزیسیونی ناوخۆی وڵاتیشەوە بکرێ. لە بەشێکی دیکە لە سێمینارەکەدا داوا لە ئەندامان کرا کە لە ئاست پرسە تایبەتەکاندا چاوەڕوانی بڕیاراتی حیزبی بکەن و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا پێش بڕیاراتی حیزبی نەکەون.

د. کوێستان گادانی پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە بەهۆی ئەو قەیرانانەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ خۆی درووستی کردووە وەک دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، پاڵپشتیی هێزە نیابەتییەکان، بێکاری و گرانی کە هەموو هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکەن و بە شێوەیەک بەرۆکی ڕێژیمیان گرتووە و ناتوانێ وەک ڕابردوو درێژە بە مانەوەی بدات. بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا هۆی مانەوەی ڕێژیم کە هەتا ئێستا توانیویەتی لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتووی بەهێز لە چوارچێوەی ئێراندا. هەروەها بەڕێزیان باسی ئەوەشی کرد کە لەو پێوەندیەدا هەوڵی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو هێز و لایەنە دەدرێت کە دان بە مافی گەلەکەمان دادەنێن، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کورد وەک فاکتەرێکی گرینگ لە مەیداندا بێت و پێکهێنانی ناوەندێک وەک "ناوەندی دیالۆگ"ی وەک هەنگاوێکی باش لەو پێناوەدا، بە پێوست زانی.

لە بەشی دووەمی سێمینارەکەدا هاوڕێی بەریز د. جەواد دانش پەژوو بەرپرسی تەشکیلات لە دەرەوەی وڵات، باسێکی تەشکیلاتی پێشکەش کرد کە لە باسەکەی بەڕێزیاندا هاتبوو، گرینگیی تەشکیلاتێکی پتەو بۆ هەر هێز و ڕێکخراوێکی سیاسی پێویستە بۆ چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی کاری حیزبی لە نێو کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

ناوبراو پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ سەر ئازادیخوازان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە هێزی پێشمەرگە ناترسێت، بەڵکوو لە تەشکیلاتێکی پتەو و بەهێزیش دەترسێت. بەڕێزییان هیوای خواست کە بە هاوکاریی هەموو لایەکمان بتوانین سەرکەوتنی زیاتر لەوبارەوە بەدەست بێنین. باسی نەتەوەوایەتی، مافی مرۆڤ لە ئێراندا تەوەرێکی دیکەی باسەکەی بەڕێزیان بۆ داهاتووی ئێران بوو. کاریگەریی یەکگرتنەوەی دێموکرات لەسەر خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا خەڵک سەلماندیان کە چەندە بەو یەکگرتووییە خۆشحاڵ بوون و چۆن پێشوازییان لێ کرد و بە دەم بانگەوازەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هاتن.

 حیزبی دێموکرات وێڕای ئەوەی پێویستی بە  تەشکیلاتێکی بەهێزە لە دوای کۆنگرەوە بەشی پەروەردەی بە مەبەستی بردنەسەری ئاستی زانیاری و پەروەردەی سیاسی تەشکیلاتی حیزبەکەمان دامەزراندووە. هەروەها بۆ گرینگیپێدانی زیاتر بە مەسەلەی لاوان و ژنان، ڕێبەریی حیزب پلانی درێژخایەنی بە دەستەوەیە تا ئەو دوو چینەش لە داهاتوودا زیاتر لە بەڕێوەبەری حیزبدا ڕۆڵیان هەبێ. سۆشیاڵ میدیا خاڵێکی دیکەی باسەکان بوو، کە دەبێ بە باشترین شێوە لە پلاتفۆڕمەکانی سوسیال مێدیا  کەڵک وەربگیردێ، بە بڵاوکردنەوەی سیاسەتەکانی حیزبی و پەرەپێدان بەو سیستمە کە چۆن بتوانین سیاسەتەکانی حیزبی بەرینە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

لە بەشی کۆتایی سێمینارەکەدا ئەندامانی حیزب وێڕای بەشداریی چالاکانەیان ڕەخنە، تێبینی و پرسیارەکانیان خستە بەرباس و لەلایەن هاوڕێیانی ناوەندی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵاتەوە وڵام درایەوە.