کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی تەنایی لە قوتابخانەکانی لوڕستان؛ ١٢٠٠ پۆل لە قوتابخانەکانی لوڕستان پێویستیان بە ستانداردکردنەوە هەیە

10:33 - 28 خەزەڵوەر 2725

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی پەروەردەیی لوڕستان ساڵانە باس لە پێشکەوتنی پرۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان دەکەن، ئامارە فەرمییەکان جارێکی تر نیشان دەدەن کە لانیکەم یەک هەزار و ٢٠٠ پۆل لەو پارێزگایە هێشتا بە سیستمی گەرمکەرەوەی ناستاندارد کار دەکەن.

یوونس بەهاروەند ئیرانیا، بەرپرسی گشتیی نۆژەنکردنەوە، پەرەسەندن و تەیارکردنی قوتابخانەکانی لوڕستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، بە ئاماژەدان بە ستانداردکردنی زیاتر لە ٧ هەزار و ٥٠٠ پۆلی خوێندن لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی ڕایگەیاند کە بەشێکی بەرچاو لە قوتابخانەکان هێشتاش لە سیستمی گەرمکردنەوەی ناتەندروست و لەکارکەوتوو کەڵک وەردەگرن.

بە وتەی بەهاروەند، ئەمساڵ تەنیا ستانداردکردنی ٣٠٠ پۆلمان لە دەستووری کاردا بووە و بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە ١٥٠ میلیارد تمەن بوودجە پێویستە، لەکاتێکدا کە تا ئێستا تەنیا ٧٠ میلیارد تمەن دابین کراوە.

هەروەها بەهاروەند باسی لە هەبوونی ٦٠٠ قوتابخانەی کۆن و بێکەڵک لە لوڕستاندا کردووە؛ ئامارێک کە لە ڕاستیدا نیشانی دەدات کە ٢٥ لەسەدی قوتابخانەکانی پارێزگاکە ستاندارد نین.

سەرەڕای پرۆژەهایەک وەکوو بزووتنەوەی پەرەپێدانی دادپەروەری پەروەردەیی، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە زۆر بە هێواشی دەچێتە پێش و تەنیا بەڵێنی سازکردنی ٣٠ قوتابخانەی جێگرەوە بە پشتبەستن بە خێرخوازان و وەک بەرپرسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و نەک بە بوودجەی ڕێژیم دراوە .

ئەگەرچی بەرپرسان باس لە واژۆکردنی ٤٠ ڕێککەوتننامەی خێرخوازی و جێبەجێکردنی ٢٥٠ پرۆژەی چاککردنی قوتابخانە لە ساڵی ڕابردوودا دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە نیشان دەدات کە مەودای نێوان پلانە نووسراوەکان و بارودۆخی ڕاستەقینەی قوتابخانەکانی لوڕستان هێشتاش بە قووڵی ماونەتەوە.

بەردەوامیی کەڵکوەرگرتن لە سیستمە گەرمکەرەوە بێکەڵکەکان لە ١٢٠٠ پۆلی خوێندن، یانی هەزاران قوتابی ڕۆژانە لە ژینگەیەکدا خەریكی خوێندنن کە بچووکترین کێشەی تەکنیکی دەتوانێت کارەساتێکی ترسناکی لێ بکەوێتەوە.