کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراندنی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردییەکان لە فەرانسە

16:09 - 28 خەزەڵوەر 2725

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر ١٤٠٤(١٥/١١/٢٠٢٥) دوای چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆی ئۆنلاین، "کۆمیتەی هاوکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان" لە وڵاتی فەرانسە دامەزرا.

ئەم کۆمیتەیە لەلایەن ٩ حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کوردییەوە دامەزراوە کە هەر یەک خاوەنی ئەزموونی خەبات و مێژوویەکی درێژ لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی هەموو کوردستانن.

ئەردەڵان عەبدوڵڵاهی نوێنەری پەیوەندییە کوردستانی و ئێرانییەکانی حیزب لەمبارەوە ڕاگەیاند: کۆمیتەکە دەبێتە چوارچێوەیەکی یەکگرتوو بۆ پاراستن و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی کورد لە هەموو پارچەکان، پەرەپێدانی کار و چالاکی سیاسی ـ دێموکراسی، پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان ڕێکخراوە کوردییەکان، دروستکردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ حیزب و دەزگا و دامەزراوەکانی کورد لە فەرانسە و ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتیی فەرانسە لەبارەی دۆخ و ڕووداوە گرنگەکانی کوردستان.

لایەنەکانی بەشدار بۆ پێکهێنانی هاوکارییەکی جیددیتر لە نیوان هێزە سیاسییەکان، هاوبەشکردن لە خزمەت بە کوردانی هەر چوار پارچە و ڕاکێشانی پشتیوانی کۆمەڵە مرۆڤ‌دوستانەکان و بیروڕای گشتیی فەرانسە بۆ پشتگیری خەبات دژی ڕێژیمە داگیرکەر و دیکتاتۆرەکان لە کوردستان خۆیان بە ئەركدار دەزانن.

کارە سەرەکییەکانی کۆمیتە پێک هاتووە لە: دانانی مێکانیزمی کۆبوونەوەی بەردەوامی لایەنەکان، پەیوەندیی سیستماتیک لە نێوان ئەندامان، هەڵوێستگرتن لەبارەی ڕووداو و پێشهاتەکان، بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە، سێمینار و ڕێوڕەسمەکانی وەک نەورۆز و ٢ی ڕێبەندان.

دوای کۆبوونەوەکە، یەکەم هەنگاو سەردانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە پاریس بوو. لەو دیدارەدا باس لە چالاکییەکانی کۆمیتەکە و چەندین بابەتی گرینگ بۆ ڕاپەراندنی ئەرک و کارەکان کرا.

بڕیار درا کە لە داهاتووی نزیکیدا سەردانی ئەنستیتۆی کوردی و دامەزراوە چالاکەکانی تر لە فەرانسە بکرێ و پەیوەندییەکان درێژ پێ بدرێت.

 

لایەنەکانی ئەم کۆمیتەیە بریتین لە:

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی دێموکراتی کوردستانی باشوور

حیزبی شیوعی کوردستان

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

پارتی سۆسیالیستی کوردستان PSK

پارتی ماف و ئازادی HAK-PAR

حیزبی وڵاتپارێزی کوردستان

پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە

پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە