لەکاتێکدا کە گرانیی خۆراک و دابەزینی دەستڕاگەیشتنی دەهەکەکانی خوارەوە بە پێداویستییە سەرەکییەکان گەیشتووەتە قۆناغێکی نیگەرانکەر، ڕاپۆرتەکان باس لە سڕینەوەی ٤٣٨ هەزار کەسی دیکە لە پێڕستی یارانەبگیران لە مانگی خەزەڵوەردا دەکەن.
ئەحمەد ئیسماعیلزادە، بەرپرسی باشترکردنی خۆراکی کۆمەڵگە لە وەزارەتی بێهداشت، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراکی بە هۆکاری سەرەکیی سنوورداربوونەوەی توانای کڕینی دەهەکەکانی یەک تا پێنج زانیوە و وتوویەتی دەستڕاگەیشتنی ئەم گرووپانە بە کاڵای سەرەکی ئەستەم و سنووردار بووەتەوە.
بە وتەی ناوبراو ٣٥ هەتا ٤٥ لەسەدی بنەماڵەکان خواردنی سەوزە و شیرەمەنییەکانیان بە هۆی گرانییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
ئەم هۆشدارییانە لەکاتێکدان کە عەلی خودایی، ئەندامی شۆرای باڵای کار، بە ئاماژە بە دۆخی قەیراناویی بژێوو هەڵاوسانی ٦٤ لەسەدیی خۆراک، وتوویەتی کە هەقدەستی ئێستا، تەنانەت بەشی ژیانی ١٠ ڕۆژیش ناکا.
سەرەڕای ئەم دۆخە، وەزارەتی کاری ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی یارانە وەردەگرن لە ٤٢ میلیۆن و ٣١٣ هەزار کەسەوە لە دەورەی پێشوو گەیشتووەتە ٤١ میلیۆن و ٨٧٤ هەزار کەس لە مانگی خەزەڵوەردا کە ئەمە نیشانەی بڕدرانی یارانەی ٤٣٨ هەزار کەسی دیکەیە.
کارناسان هۆشدارییان داوە کە هاوکاتبوونی بڕینی یارانەکان بە بازدانی نرخی پرۆتین، شیرەمەنی و تەنانەت دانەوێڵە، سفرەی دەهەکەکانی خوارەوەی زیاتر لە ڕابردوو بچووکتر کردووەتەوە و مەترسیی تەشەنەسەندنی بەدخۆراکی زیاتر دەکاتەوە.
ئەم نیگەرانییانە پاش ئەوە پەرەیان سەندووە کە ڕاپۆرتە ئابوورییەکان نیشانی دەدەن کە نزیکەی ٤٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران لە هەژاری و لانیکەم ٧ میلیۆن کەس لەژێر هێڵی برسییەتیدان.