کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی ٩٧ ساڵ بەندکرانی داسەپاو بەسەر هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی مانگێکدا

12:24 - 1 سەرماوەز 2725

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بلاوکردنەوەی راپۆرتی مانگانەی خۆی باسی لە پیسێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دژی هاووڵاتییان کورد لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ئەنجومەنە، لە مانگی خەزەڵوەردا شەپۆلی سەرکوت و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بووە.

خۆڕاگری ڕایگەیاندووە ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کۆ کراونەتەوە و تۆمار کراون دەریدەخات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژەی بە سیاسەتی سیستماتیکی دەسبەسەرکردن و سەپاندنی حوکمی نادادپەروەرانە داوە.

لەم مانگەدا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و ژمارەیەک چالاکی دیکەش سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

 بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە یەک مانگی ڕابردوودا، واتە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی ٥٧ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و چارەنووسیان ناڕوونە.

بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاویدا، ١٦ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێ کراوە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای بەندکردن و ئێعدامیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سزادراوانە سەرجەم بە ٩٧ ساڵ بەندکردنی داسەپاو مەحکووم کراون. هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهەباد بەناوی "کاوەیس عەبدووڵڵازادە" بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێندراوە.