کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ سێناتۆر پۆڵ سکار لە شاری ئادلایدی ئوسترالیا

16:17 - 1 سەرماوەز 2725

ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٤( ٢٢/١١/٢٠٢٥)، لەسەر بانگهێشتنی ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوسترالیا، سێناتۆڕ پۆڵ سکار وەزیری سێبەری کۆچ و بەرپرسی چەند لێژنەی گرینگی سێنای ئوسترالیا بە هاوڕێیەتیی جەتسن سەندرۆپ سەرۆکی نووسینگەکەی سەردانی شاری ئادلایدی کرد و لەلایان ئەندامانی حیزب و بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردییەوە لەو شارە پێشوازییان لێ کرا  .

بەڕێز بابا ڕەزایی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئادلاید و هاوکاری بەشی پەیوەندییەکان وێڕای بە خێرهاتن و سپاس لە بەڕێز سێناتۆر پۆل سکار ناوبراوی بە بەشداربووان ناساند.

بەڕێز سکار دۆستی حیزبی دێموکرات لە سەرەتای وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دۆستایەتی ئەو لەگەڵ کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شۆڕشی ژینا کە بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە دنیادا ناسراوە.

 سێناتۆر پۆڵ سکار لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا هەوڵێکی زۆری داوە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بکەوێتە لیستی تێرۆریستیی وڵاتەکەیەوە و هەروەها ماندوونەناسانە بۆ داخستنی باڵوێزخانەی ئێران و دەرکردنی باڵوێزی ئەو وڵاتە لە ئوسترالیا تێکۆشاوە کە بە کورتی ئاماژەیەکی بەو هەوڵانەی خۆی کرد. 

ناوبراو وەبیر بەشدارابووانی کۆبوونەوەکەی هێنایەوە کە پێشتر باڵوێزی ئێران چەندین جار لە ڕێگای ناردنی ئیمەیل و نامەوە پێی وتوم کە لەگەڵ کوردەکاندا دۆستایەتی نەکەم چون بە قسەی ناوبراو کوردەکان تێرۆریستن و داوای کۆبوونەوەی لێ کردووم بەڵام پۆڵ سکار وڵامی نەداونەتەوەو ئامادە نەبووە کە چاوی بە سەفیری ئێران بکەوێ.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا کە ئێستا لە ئوسترالیا، باشووری کوردستان و تورکیادا نیشتەجێن کە چۆن هاوکاری بکرێن و بتوانن مافی پەنابەری لە ئوسترالیا وەربگرن.

هەروەها باس لە کرانەوەی شوێنێک لەوانە پارک، کتێبخانە، شەقامێک یان هەر شوێنێکی گشتیی دیکە بە ناوی ژینا ئەمینی لە ئوسترالیادا کرا و داوا لە بەڕێزیان کرا کە هەر وەکوو پێشتریش هاوکار و پشتیوانی گەلی ستەملێکراوی کورد بووە درێژە بەو پشتیوانی و هاوکارییانە بدات و بۆ لەقاودانی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر تێبکۆشێ.

بەڕێز پۆل سکار بەڵێنی دا کە نەتەنیا هەر لە پارلەمان و حکوومەتی ئوسترالیا هاوکار و پشتیوانی کورد بێت بەڵکوو لە ڕێگای دەوڵەتی وڵاتەکەیەوە هەوڵ بدات کە دەنگی کورد بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و جیهانیش بگەیەنێت.