ئامادەبوانی هێژا،
بەڕێزان ئەندامانی بەڕێوەبەری،
نوێنەرانی بەڕێزی پێنجەمین کۆنگرەی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
بە ناوی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان بە بۆنەی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتانەوە، ئاراستەی ئێوە ئەندامانی کۆنگرە و لە ڕێگەی ئێوەشەوە هەموو ئەندامانی یەکیەتیی ژنان دەکەین و هیوا دەخوازین کۆنگرەکەتان لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی خۆیدا سەرکەوتوو بێت.
بێگومان پەرەسەندنی ڕۆڵ و کاریگەریی ژنان لە ڕەوتی فرەڕەهەندی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە مێژووی هاوچەرخ، یەکێک لەو گۆڕانکارییە جەوهەرییانە بوو کە ڕەوڕەوەی ژیانی مروڤی لە تاریکایی سەدەکانی نێوەڕاستەوە بەرەو پێشکەوتن و ڕۆشنگەری و شارستانیەتی مۆدێرن پاڵ پێوە نا و خوێندنەوەی مێژووی خەباتی ژنان بۆ دابینکردنی یەکسانی و ئازادی و کەرامەتی مرۆیی لە وڵاتانی جیهاندا، یارمەتیدەری سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە.
لە کوردستاندا، ژنی کورد لەمێژە وەک کۆڵەکەی ژیانی کۆمەڵایەتی، شانبەشانی پیاوان ڕۆڵی لە بەرهەمهێنان و کار و خەباتدا گێڕاوە و نموونە درەوشاوەکانی ژنانی هەڵکەوتوو و بلیمەتی کورد وەک خانزادی سۆران، عادڵە خانم، حەپسەخانی نەقیب، مەستوورەی ئەردەڵان، جەهانارا خانمی پاوەیی، قەدەمخێر خانم و فاتەڕەش و دەیان ژنی بژاردەی دیکە لە مێژووی شۆڕش و تێکۆشانی سیاسی و کولتووریی گەلەکەماندا، دەسەلمێنن کە خەباتی ژنی کورد بە درێژایی مێژوو جیا لە خەباتی نەتەوەکەمان بۆ پاراستنی شوناس و دابینکردنی سەروەری نەبووە.
بوونی وەها ژنانێک نیشاندەری ئەو ڕاستییە بووە کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا سەرەڕای بوونی هێندێک دابونەریتی خێڵەکی و نۆرمی پیاوسالارانەی سەردەمی پێش مۆدێڕنیتە، خەبات و بەرخۆدانی ژنانیش بەشی حاشاهەڵنەگری ڕاستییەکانی ئەم کۆمەڵگایە بووە.
هەر بۆیە لە بەرەبەیانی لەدایکبوونی یەکەم کۆماری مۆدێڕنی کورددا لە مەهاباد، ڕێبەرانی کۆمار و حیزبی دێموکراتیش، بە تێگەیشتنی ئەمڕۆییانە لەو پۆتانسێلەی کۆمەڵگەی کوردستان، بۆ هێنانەپێشی ژنان لە ڕەوتی ژیانی سیاسیدا هەنگاو هەڵدەگرن و دامەزرانی ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرەی ئێوە، لە سەردەمێکدا کە لە ناوچەکانی دیکەی دراوسێی کوردستاندا ژن هێشتا وەکوو کۆیلە و ڕەگەزی ژێردەست هەژمار دەکرا، دەبێ وەکوو بەشێکی زۆر گرینگ لە شانازییەکانی کۆماری کوردستان وحیزبی دێموکرات لە بەرچاو بگرین.
لە ماوەی ئەم هەشتا ساڵەی دوای کۆماریشدا ژنان توانیویانە سەرەڕای هەموو سەرکوت و کۆت و بەندەکان، لە خەبات بۆ وەدیهێنانی دادپەروەری و ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەییدا ڕۆڵی بەرچاو بگێڕن و جێگە و پێگەیان لە هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و بەشداریی چالاکانەیان لە بزووتنەوەی نەتەوەییدا بۆتە نموونەیەکی هەرەدیاری ئازایەتی و تێگەیشتوویی و وریایی ژنان لە ئاستی جیهانیشدا.
دیارترین نموونە لەم پێوەندییەدا بزووتنەوەی ژینا بوو کە هەر لە یەکەم چرکەساتەوە بە خوێنی پاکی ژینا ئەمینی دەستی پێ کرد و لە درێژەدا کچان و ژنانی کورد شانبەشانی پیاوان لە ماوەیەکی کورتدا بە دروشمی سەرەکیی "ژن، ژیان، ئازادی"و دروشمە هێمایینەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان توانیان وڵاتەکەمان بکەنە گۆڕەپانی حەماسەیەکی مەزن و ببنە پێشەنگی ڕاپەڕینی سەرانسەریی هەموو گەلانی ئێران دژ بە کۆنەپەرەستی و فاشیزمی کۆماری ئیسلامی. ڕاپەڕینێک کە کۆماری ئیسلامیی تا لێواری ڕووخان برد و ژنان لەو بزووتنەوەیەدا کە ڕێز و سەرنجی هەموو جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، سەلماندیان کە لە ڕەوتی خەبات بۆ گەیشتن بە مرۆڤسالاریدا نەک پاشکۆ و بەشێکی لاوەکی،بەڵکوو پێشەنگ و بزوێنەری شۆڕش و گۆڕانکارین و جیهان دەبێ تێبگات کە بە پێچەوانەی تێگەیشتنی باو لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان، ژنی کورد بە چاوکراوەیی، ئازایەتی و ئیرادەی سیاسیی پۆڵایینی خۆی دەتوانێڕۆڵی پێشەنگ و ڕێنیشاندەر لە خەباتی نەتەوەکەیدا بگێڕێت و قورسایی و ئیعتبارێکی چەندقات بە ڕیزەکانی بەرەی دژە کۆنەپەرەستی و بناژۆخوازی لە وڵاتەکەمان کوردستان و هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدات.
لە وەها هەلومەرجێکدا یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو ڕێکخراوێکی خاوەن پێگە و ڕابردووی سیاسیی دەوڵەمەند، کە لە ژنانی ئازادیخواز و دێموکراتی نەتەوەکەمان پێک هاتووە، دەتوانێ و دەبێ بە خوێندنەوەی دروست و واقیع بینانە بۆ دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکەمان و هەڵسەنگاندنی مەیدانیی هەمەلایەنە، ئەرکی قورسی بە ڕێکخراوەییکردنی هەرچی زیاتری هەوڵەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دابینکردنی مافە تایبەتەکانی خۆیان وەکوو ژن و گەیشتن بە لووتکەی مافخوازیی نەتەوەیی و کەڵک وەرگرتن لە لێهاتوویی و تواناکانی ژنان لەو پێناوەدا وە ئەستۆ بگرێت.
بۆ ئەم مەبەستە زۆر گرینگە کە کۆنگرەکەتان بکەنە سەکۆیەکی سەرکەوتن و بناغەیەکی پتەو بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی تۆکمە و هەڵبژاردنی کەسانی کارامە و لێهاتوو لە بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە قورسەدا.
لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک پرەنسیپ و باوەڕی قووڵی هەمیشەیی خۆی، یارمەتیدەر و پاڵپشتی ئێوە و هەوڵەکانتان دەبێت و سەرکەوتنی ئێوە بە هەوێن و نیشانەی سەرکەوتنی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان و دواڕۆژی ڕوون بۆ کۆمەڵگاکەمان دەزانێت.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستپێکردنی کۆنگرەی پێنجەمی ڕێکخراوەکەتانەوە، هیواخوازین کۆنگرەکەتان لە کەشێکی هاوڕێیانە و دێموکراتیکدا بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت و بببێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ خەباتی پڕشانازیی ژنانی وڵاتەکەمان و بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بەرز و پیرۆز بێت کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەی ژنانی کوردستان دژ بە چەوسانەوە و کۆنەپەرەستی
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
١٤٠٤/٨/٢٦ی هەتاوی
٢٠٢٥/١١/١٧ی زایینی