کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازی لە چالاککردنەوەی دیسکی کورد لە پارلەمانی فینلاند

20:28 - 1 سەرماوەز 2725

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ (١٨/١١/٢٠٢٥)، شەهێن زادئەحمەد بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزب لە وڵاتی فینلاند، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پاڤۆ ئارهینماکی، وەزیری فەرهەنگ لە دەورەی پێشوو، لە ڕاوێژکارانی ئەنجومەنی وەزیرانی حیزبی چەپەکان لەو وڵاتە و لە ئەندامانی دامەزرێنەری دیسکی کورد لە پەرلەمانی وڵاتی فینلاند، پێکهێنا. مەبەست لە چاوپێکەوتنەکە خستنەبەر باسی پرسی کورد بەگشتی و بەتایبەتی بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو. ئەم دیسکە چەند ساڵێک بوو چالاک نەمابوو، بەڵام دوای دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی هەستیاری ناوچە و پرسی کورد بەگشتی و بەتایبەت بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشنیاری چالاکبوونەوەی دووبارەی ئەم دیسکە لەنێو پەرلەمان هێنایە بەرباس و دیالۆگ. لە ئاکامدا بەخۆشحاڵییەوە پێشوازییەکی باش لەو پێشنیارە کرا و بڕیار درا بە کۆردیناتۆریی شەهێن زادئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، تیمێکی دوولایەنەی پێکهاتوو لە نوێنەرانی ئەم گرووپە لە کورد و پەرلەمانتارانی فینلاندی بە مەبەستی زانیاری بەخشین و کاری هاوبەش، لەسەر بابەتە پەیوەندیدارەکان بە دۆزی کورد لە ناوچەکەدا دروست بکرێت و دەست بەکار بێت.