تەنیا ژنی بەندکراوی سیاسی سزادراو بە سزای بەندکرانی هەتایی لە ئێران، لە بەرەبەری ١٩ـیەمین ساڵوەگەڕی بەندکرانیدا لەگەڵ ڕێگریی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی یەزد و ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ پێڕاگەیشتنی دەرمانی بەرەڕوو بووەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بەردەوامیی دۆخی نالەباری جەستەیی زەینەب جەلالییان، بەندکراوی سیاسیی کورد و ڕێگری لە تەواوکردنی قۆناغی دەرمانیy ناوبراو لە بەندیخانەی یەزددا کردووە.
ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەی بەوە داوە کە زەینەب جەلالییان کە چەندین مانگ بەدەست نەخۆشیی ژنانەوە دەیناڵاند لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا و دوای گوشارە نێونەتەوەییەکان، بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە ڕاگوێزراوە و نەشتەرگەری بۆ کراوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو بەندکراوە سیاسییە تەنیا ٢٤ کاتژمێر دوای نەشتەرگەرییەکەی بۆ بەندیخانە گەڕێندراوەتەوە.
ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان باس لەوە دەکات زەینەت جەلالییان، لە دوای گەڕاندنەوەی بۆ بەندیخانە، برینەکەی خوێنڕێژیی کردووە و ئازارکێشانی زۆری ناوبراو و دۆخی نالەباری جەستەییەکەی نیگەرانیی زۆری بنەماڵەکەی و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان و چالاکانی مەدەنیشی بەدواوە بووە.
شایانی باسە بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەو پزیشکەی نەشتەرگەریی بۆ زەینەب جەلالییان کردووە داوای لە پزیشکانی بێهداریی ئەو بەندیخانەیە کردووە کە بەخێرایی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بکرێت، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی یەزد ئەو داواکارییەیان ڕەت کردووەتەوە.