کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێکی سیاسی - تەشکیلاتی لە وڵاتی دانمارک

10:18 - 3 سەرماوەز 2725

ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٤(٢٢/١١/٢٠٢٥)، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە بەشداریی هەیئەتی ناوەندی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات سێمینارێکی سیاسی_ تەشکیلاتی لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان لەلایەن بەڕێز مێهرداد خوسرەوی بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەوە دەستی پێ کرد.

لە بەشی یەکەمی سێمینارەکدا هاوڕێی بەڕێز د. کوێستان گادانی بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی وڵات باسێکی سیاسی_ تەشکیلاتیی پێشکەش کرد و وێڕای ئاماژەکردن بە هەلومەرجی ئێستای حیزبی دێموکرات هەم لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئاماژەی بە سازماندێهیی نوێی حیزب لە دەرەوەی وڵات لە دوای کۆنگرە و دابەشکردنی ئەرکەکان بە گوێرەی ئەو هەلومەرجەی لە دەرەوەی وڵات بە پێویست زانراوە، کرد.

بەرپرسی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەی کە هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی توانیویەتی لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت، سیاسەتی داپڵۆسێنەرانە و نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتووی بەهێزە کە ڕوانگەیەکی دێموکراتیک و بڕوای بە مافی یەکسانیی گەلانی نێو چوارچێوەی ئێران هەبێت. بەڕێز گادانی لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە هەوڵی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو هێز و لایەنە سەراسەریانە دەدرێت کە دان بە مافی گەلەکەماندا بنێن، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کورد وەک فاکتەرێکی گرینگ لە مەیداندا بێت و پێکهێنانی "ناوەندی دیالۆگ" لەو پێناوەدا هەنگاوێکی باشە.

ناوبراو لەپێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا وتی: "حیزبی دێموکرات هەر وەک پێشوو پشتیوانی چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانە و پێشوازی لە هەر هەنگاوێک بەرەو ئەو  ئاراستەیە دەکات. حیزبی دێموکرات پێی وایە چیدیکە ڕێژیمەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا ناتوانن وەک پێشوو کورد بخەنە پەڕاوێزەوە".

لە بەشی دووەمی سێمینارەکەدا هاوڕێی بەڕێز د. جەواد دانش پەژوو بەرپرسی تەشکیلات لە دەرەوەی وڵات، باسێکی تەشکیلاتی پێشکەش کرد کە لە باسەکەی بەڕێزیاندا هاتبوو، بۆ چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی کاری حیزبی لەنێو کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، گرینگیی تەشکیلاتێکی پتەو بۆ هەر هێز و ڕێکخراوێکی سیاسی پێویستە.

ناوبراو پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ سەر ئازادیخوازان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە هێزی پێشمەرگە ناترسێت، بەڵکوو لە تەشکیلاتێکی پتەو و بەهێزیش دەترسێت. بەڕێزییان هیوای خواست کە بە هاوکاریی هەموو لایەکمان بتوانین سەرکەوتنی زیاتر لەوبارەوە بەدەست بێنین. باسی نەتەوایەتی، مافی مرۆڤ لە ئێراندا تەوەرێکی دیکەی باسەکەی بەڕێزیان بۆ داهاتووی ئێران بوو. ناوبراو باسی لە کاریگەریی یەکگرتنەوەی دێموکرات لەسەر خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا کرد و وتی خەڵک سەلماندیان کە چەندە بەو یەکگرتووییە خۆشحاڵ بوون و چۆن پێشوازییان لێ کرد و بەدەم بانگەوازەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هاتن.

 حیزبی دێموکرات وێڕای ئەوەی پێویستی بە  تەشکیلاتێکی بەهێزە لە دوای کۆنگرەوە بەشی پەروەردەی بە مەبەستی بردنەسەری ئاستی زانیاری و پەروەردەی سیاسی تەشکیلاتی حیزبەکەمان دامەزراندووە. هەروەها بۆ گرینگیپێدانی زیاتر بە مەسەلەی لاوان و ژنان، ڕێبەریی حیزب پلانی درێژخایەنی بە دەستەوەیە تا ئەو دوو چینەش لە داهاتوودا زیاتر لە بەڕێوەبەری حیزبدا ڕۆڵیان هەبێ. سۆشیاڵ میدیا خاڵێکی دیکەی باسەکان بوو، کە دەبێ بە باشترین شێوە لە پلاتفۆڕمەکانی سوسیال میدیا  کەڵک وەربگیردێ، بە بڵاوکردنەوەی سیاسەتەکانی حیزبی و پەرەپێدان بەو سیستمە کە چۆن بتوانین سیاسەتەکانی حیزبی بەرینە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

لە بەشی کۆتایی سێمینارەکەدا ئەندامانی حیزب وێڕای بەشداریی چالاکانەیان ڕەخنە، تێبینی و پرسیارەکانیان خستە بەرباس و لەلایەن هاوڕێیانی ناوەندی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵاتەوە وڵامیان درایەوە.