کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز لە کۆمیتە ناوچەی هۆنەفۆس لە وڵاتی نۆروێژ

10:20 - 3 سەرماوەز 2725

ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٤(٢٢/١١/٢٠٢٥) بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز کە هاوکات ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانە، کۆمیتەی ناوچەی هۆنەفۆسی حیزبی  دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بۆ ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی کورد لە ناوچەکە بەڕێوە برد.

ڕێوڕسمەکە بە سەرپەرستیی بەڕێز چاوەرێ ئابادی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتە ناوچەکە و بە سرودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد کە لەلایەن گرووپی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشکەش کرا.

 پاشان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان چەند ساتێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.

 دواترهاوڕێ سەلاح نەسیمی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیتەی ناوچە، وتارێکی بەنرخی سەبارەت بە گرنگی و مێژووی ٢٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان پێشکەش کرد.

 دواتر ڤیدیۆکلیپێکی تایبەت سەبارەت بە مێژووی ئاڵای کوردستان نمایش کرا و هەر بەو بۆنەوە چەند کلیپێکی دیکە سەبارەت بە ڕۆژی ئاڵا و جموجۆڵی خاکیپۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوخۆدا پێشان دران.

 لەم بەشەدا هاوڕێ سەعید ئازەری بەرپرسی کۆمیتە ناوچە وتارێکی پڕ مانای پێشکەش کرد و باسی لە وردەکارییەکانی ئەو کلیپانە و مانا نیشتمانییەکانیان بۆ بەشداربووان کرد.

 پاشان گرووپی یەکیەتیی لاوان بە سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی"  ڕێوڕەسمەکەیان گەرمتر و ڕازاوەتر کرد.

 لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا ستایش سەرهەدی، ئەندامی یەکیەتیی لاوان، پەخشانێکی جوان و نیشتمانپەروەرانەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

 رێوڕەسمەکە بە شایی، گۆرانی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.

کۆمیتەی ناوچەی هۆنەفۆس سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی هەموو ئامادەبووان، بەڕێوەبەران، گرووپی لاوان و هەموو ئەوانە دەکات کە بەشدارییان کرد و یارمەتییان داوە بۆ سەرکەوتنی ئەم بۆنە نەتەوەییە گرنگە.

٢٢/١١/٢٩٢٥