کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ‌وڵام مانەوەی سکاڵای بنەماڵەی قوربانییانی خەزەڵوەری ٩٨دوای ٦ ساڵ

10:58 - 3 سەرماوەز 2725

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ ساڵ لە ناريزایەتییە بەربڵاوەکەی خەڵکی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨دا، بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم لەمەڕ وڵامدانەوەی سکاڵای بنەماڵەی گیانلەدەستداوان و ئامارێکی ورد لە ڕێژەی گیانلەدەستداوان و بریندارانی ئەو ڕاپەڕینە خۆ دەدزنەوە.

دۆسییەی گیانلەدەستداوانی ڕاپەڕینی ٩٨ لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە بێ‌وڵام ماوەتەوە و یەکێک لە پارێزەرانی ئەو دۆسییانە ڕایگەیاندووە کە "هێزی دادوەریی ئێران هەموو کات هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دانی دیە و تەماع‌وەبەرنانی بنەماڵەکانیان دۆسییەکان ببەستێت".

"ڕەزا شەفاخا" یەکێک لە پارێزەرانی دۆسییەی گیانلەدەستداوانی خەزەڵوەری ٩٨ پێداگریی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم ڕێگە بە هیچ جۆرە مافخوازییەک لەوبارەوە نادات هەتا ڕەوتی دادپەروەرانەی دۆسییەکان بەڕێوە بچێت.

"شەفاخا" ڕایگەیاندووە کە "من زەمەنێکە کار لەسەر ئەو جۆرە دۆسییانە دەکەم و لە زاری دادوەرەکانەوە بیستوومە کە وتوویانە من بڕیار دەدەم بەڵام ئەوە ئەرکی من نییە کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کات و شوێن و جۆری کوشتنەکان بکەم بەڵام ئەو کەسانەی دەبێت لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن هەمان ئەو کەسانەن خەڵکیان داوەتە بەر گولـلە و تاوانباری سەرەکیی هەر ئەو کەسانەن".

ئەو پارێزەرە باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم تەنیا کارێک کە لە بەرانبەر بنەماڵەی گیانلەدەستداوان و قوربانییانی دەستی هێزە داپڵۆسێنەرەکانیان کردوویانە بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی ماددی بووە و لە بەرەوپێشبردنی ڕەوتی دادپەروەرانەی دۆسییەکان خۆیان بواردووە. 

وەزیری نێوخۆی پێشووتری ڕێژیم باسی لەوە کردبوو کە ٨٠ لەسەدی ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزڵوەری ٩٨دا کوژراون بە چەکی دەوڵەتی گیانیان لەدەست داوە.

شایانی باسە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ٩٨ لە زاری سێ بەرپرسی فەرمیی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕایگەیاندبوو کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨دا، هەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون.

خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ دوای گرانکردنی نرخی بێنزین، لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان سەری هەڵدا، بەڵام لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت کرا و بە سەدان کەس کوژران و بە هەزارانیش دەسبەسەر کران.