سەرەڕای ئەوەی دوو حەفتە بەسەر دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی بانە تێپەڕیوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، نزیکەی دوو حەفتە لەمەوبەر دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مستەفا قودسی" خەڵکی گوندی "ساوان"ی بانە و "محەممەد ڕەشیدزادە" خەڵکی بانە دەسبەسەر کراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەری ئەم مانگە، لەسەر ڕێگای پیرانشار – مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دوای دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ورمێیان گواستوونەتەوە و هەتا ئێستا لە مافی پارێزەر و سەردانی بنەماڵەکانیان بێبەش کراون .
هەروەها سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە بارەی چارەنووسی کوڕەکانیانەوە داوای زانیاری ئەکەن بەڵام دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم ئامادە نەبوون لەو پێوەندییەدا وڵامێکی ڕوون بدەنەوە.
شایەنی باسە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو دوو کەسە و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان و شوێنی دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.