کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان: لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا ٥٩ کەس لە سێدارە دراون

11:38 - 5 سەرماوەز 2725

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە نەوەدوشەشەمین حەفتەی چالاکیی خۆی و مانگرتنی لە خواردن سەرەڕای بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و ئاماژە بە ڕێژەی لەسێدارەدراوانی یەک حەفتەی ڕابردوو، باسی لەوە کردووە کە بەندیخانەی بیرجەند پەیوەست بەو کەمپەینە بووە.

لە بەیاننامەی ئەم حەفتەیەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەداندا ئاماژە بەوە دراوە کە پەسەندکردنی بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ مەحکوومکردنی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە دەخەری دوو ڕاستییە یەکەم؛ بە فەرمی ناسینی کوشتاری ١٣٦٧، دووهەم؛ مەحکوومکردنی ڕەوتی بێوێنەی لەسێدارەدانەکان و کەڵکوەرگرتن لەو سزا دژەمرۆییە وەکوو کەرەستەی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ.

نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕێژیمی تاران دەست لە کوشتن و ئەستاندنی گیانی مرۆڤەکان هەڵناگرێت و بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی "محەممەدمەهدی سلێمانی" لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا نیشانی دا کە ئەو ڕەوتە درێژەدەری سیستەمێکی نەگۆڕە لەهەمبەر سڕینەوەی دژبەران و جیابیران.

لەو بەیاننامەدا هاتووە کە تەنیا لە مانگی خەزەڵوەردا لانیکەم ٣١١ حاڵەت و لە سەرەتای ساڵەوە پتر لە ١٤٧٩ حاڵەتی لەسێدارەدان لەلایەن ڕێژیمی گیانئەستێنی کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێ کراوە و ئەو ڕێژەیەش لە دوای کوشتاری ٦٧ـەوە بێوێنەیە.

هەروەها زانیارییەکانی ئەو کەمپەینە باس لەوە دەکەن کە بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشە، دەسبەسەرکردن و گوشارە ئەمنییەتییەکان لەسەر شەقامەکاندا ڕاوەستاون و بەرگری لە ئازیزیان دەکەن و دەبێت ئەو ناڕەزایەتییە لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانی و نەتەوەکانی ئێرانەوە پشتیوانی لێ بکرێت.

شایانی باسە بە پەیوەستبوونی بەندیخانەی بیرجەند بەو بەندیخانەیە، ڕێژەی بەندیخانەکانی ئەندام لەو کەمپەینە لە سەرانسەری ئێراندا گەیشتووەتە ٥٥ بەندیخانە.