بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢۵ی زایینییەوە تا ڕۆژی ٢٥ی نۆڤامبر، لانیکەم ١٧۶ حاڵەتی ژنکوژی، دەسبەسەرکرانی ١۳۶ ژن، جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ۴۵ ژن، سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر دوو چالاکی ژن و هەروەها سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر ١۶۳ چالاکی ژن لە ئێراندا تۆمار کراوە.
بەپێی ئامارەکان لە ١٧٦ حاڵەتی ژنکوژی لانیکەم ۲۵ حاڵەتیان بە پاساوی پاراستنی نامووس ئەنجام دراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری زیاتری ژنکوژییەکان لە میدیاکانی ڕێژیم بە "کێشەی خێزانی" ڕاگەیەندراون. بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشان دەدات کە ژمارەیەکی بەرچاو لەو ژنانە بە پاساوی پاراستنی نامووس کوژراون بەڵام بنەماڵەکانیان و هەروەها میدیا حکوومەتییەکان بەئەنقەست هۆکاری کوژرانی ئەو ژنانەیان بە کێشەی خێزانی ڕاگەیاندووە. هەنگاو ڕایگەیاندووە کە دەستەواژەی "کێشەی خێزانی" بە ڕێگەچارەیەک بۆ داپۆشان و کەمکردنەوەی ئاستی هەستیارییەکان سەبارەت بە بابەتی ژنکوژی و کوژرانی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف دەزانێت.
بە پێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو لانیکەم ۱۱ ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری کوژراون. لانیکەم ۹ ژن بەهۆی داوای جیابوونەوە لە لایەن هاوژینەکەیانەوە کوژراون.
لانیکەم ۱۰ ژنی قوربانیی منداڵ هاوسەری لە لایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون. لانیکەم ۶ ژنی قوربانیی هاوسەرگیریی زۆرەملێ کوژراون.
هەنگاو هۆشداری دەدات کە بەشێکی زۆری ژنکوژییەکان لە ئێران لە دەستەی "ئاماری نهێنی"دان. ئاماری نهێنی بە ئامارێک دەوترێت کە بە هۆکاری ناڕوونی حکوومەتی، میدیایی و هۆکارە لێکگرێدراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی بەرچاو لە ئامار لە هەندێک بابەتی جیاواز و گرینگ دەشاردرێتەوە. بەهۆی شاردنەوەی حکوومەتی و سیستەمی یاسایی کە لە ناوەندی بنەماڵەی پیاوسالار لە ئێران بەرگری دەکات، بەشێکی زۆر لە ژنکوژی و کوشتنەکان بەپاساوی پاراستنی نامووس ڕاپۆرت ناکرێن و بەو شێوەیە کە ئامار لەو باسەدا بە "نهێنی" دەمێنێتەوە.
ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگەدایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگەکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١۹۱ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمار کراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراوە. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.