ڕۆژانی هەینی تا یەکشەممە ٩ تا ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٢٨-٣٠/١١/٢٠٢٥) کۆنگرەی لاوانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان حیزبی ( SPD) بە دروشمی "داهاتوو لەگەڵ ئێمە بونیات دەنرێت"، لە شاری "مانهایم"ی ئاڵمان بەڕێوەچوو کە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەفەرمی بانگهێشتی ئەم کۆنگرەیە کرابوو.
لە ژووری تایبەت بە میوانانی دەرەوە، میوانانی بەشداربوو ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد و "ساسان خاتوونی" بە نوێنەرایەتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
نوێنەری یەکیەتیی لاوان باسێکی سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هێنایە بەرباس کە کۆماری ئیسلامی گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر لاوان، چالاکانی سیاسی، مەدەنی و کولتووری؛ هەروەها ئاماژەی بە ژمارەی دەستبەسەرکراوەکان و لەسێدارەدراوەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرد.
ساسان خاتوونی باسی لەوەش کە زمانی کوردی تا ئێستاش لە قوتابخانە و زانکۆکان قبوڵ ناکرێت و زۆرجاریش کار و چالاکیی مەدەنی ڕووبەڕووی کۆت و بەند دەبێتەوە، بەڵام نەتەوەی خۆڕاگری ئێمە بەتایبەت لاوان، بە هەموو شێوەیەک بەردەوامن لە خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلەکەمان.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکاندا چەندین پرسیار لەلایەن بەشداربووان لە نوێنەری یەکیەتیی لاوان کرا و هاوڕێ ساسان خاتوونی بەوردی وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
ڕۆژی سێهەم و کۆتایی کۆنگرە، لە پانێلێکدا کە هەموو ئەندامان و میوانان تێیدا بەشدار بوون.
شایانی باسە کە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ڕێکخراوی لاوانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان (Jusos)، ڕێکخراوی دەستەخوشکن و هەردووک لا ئەندامی ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی نیونەتەوەیی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست-ن (IUSY).