
شەماڵ تەرغیبی
کەم نین ئەو ڕۆژ و ساتانەی کە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاهیدیی لەدەستدانی ڕۆڵەیەک یان پۆلێک لە تێکۆشەرانی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی نەبووبێت و کوردستان بەهۆیەوە خەم داینەگرتبێت.
٢٨ ساڵ لەمەوبەر و لە وەها ڕۆژێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی تر جینایەتکاری و تێرۆریستبوونی خۆی بە جیهان سەلماند.
ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی، کۆماری تێرۆریستپەروەری ئیسلامیی ئێران چییەتیی ڕاستەقینەی خۆی جارێکی دیکە پیشانی هەموو خەڵکی جیهان دا و بە کردەوەیەکی قێزەونی دیکە دژی ئازادیخوازانی گەلی کورد، لە چوارچێوەی سیاسەتە کۆلۆنیالیستی و دژەئازادییەکانی خۆیدا، سەلماندیەوە کە ماکی سەرەکیی تێرۆرە.
لەم جینایەتەدا کە لە نزیک شارۆچکەی "دوکان" و دەروازەی شاری "کۆیە"ی باشووری کوردستان ڕووی دا، کۆماری ئاخوندی توانیی چەند تێکۆشەرێکی دیاری نێو بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان تێرۆر بکات کە بریتی بوون لە: شەهیدان مەنسوور فەتاحی ناسراو بە مەنسووری ڕەشەهەورامی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهید مەنسوور ناسری کادری لێهاتووی حیزب و جێگری کۆمیتەی ناوەندی، شەهید ساماڵ ئیسماعیلی بەرپرسی کۆمیتەی بانە، شەهید ڕەفعەت حوسەینی و شەهید یەدوڵڵا شیرینسوخەن دوو پێشمەرگەی بەوەج و وەفاداری حیزب.
ئەم کاروانەی تێکۆشەرانی دێموکرات لەو ڕۆژەدا لە شاری سلێمانییەوە بەرەو کۆیە وەڕێکەوتبوون، تاکوو لە دوایین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پێش کۆنگرەی ١١ـهەمی حیزب بەشداری بکەن کە لە نزیک شارۆچکەی دوکان کەوتنە بۆسەی چەکدارەکانی قەرارگای ڕەمەزانی سوپای پاسداران و فەرماندە قارەمانەکەی دێموکرات لە نێو ئۆتۆمبێلەکەوە لێیان دێتە دەنگ و هێرشەکەیان پووچەڵ دەکاتەوە. بازەکەی کۆساڵان بۆسەکەی تێک شکاند و تێرۆریستانی تارانی تاراند و دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلێکی سوپای پاسداراندا گرت کە بەڵگەیەکی زۆر و گرنگی لە خەیانەت و پیلانگێڕیی تێدا بوو.
بەداخەوە مەنسووری فەتاحی لەم نێوانەدا پێکرا و لە ڕێگای گەیشتن بە نەخۆشخانە شەهید بوو. کاتێک کە کۆماری ئیسلامی لەم پیلانگێڕییەیدا شکستی خوارد، هاوڕێ مەنسووری ناسری بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەی حیزب بەرەو شاری کۆیە وەڕێکەوت و لە بەردەم بازگەی دەروازەی کۆیەدا وەک جاران بۆ لێپرسینەوە ڕاوەستان کە لەوێشدا تووشی تاوانکارییەکی دیکە بوون و لە نێو بازگەکەوە دەستڕێژیی خەیانەت لە مەنسووری ناسری کرا و وێڕای سێ کادر و پێشمەرگەی هاوڕێی شەهید کران.
ئەوەی ڕوونە پاش تێپەڕینی ٢٨ ساڵ بەسەر ئەم جینایەتە سامناکەدا، لە هیچ دادگایەکی دادپەروەرانەدا بکەران و بڕیاردەرانی تێرۆرەکە دادگایی نەکراون، بەڵام لە دادگای ویژدانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جینایەتکاران و دەستوپێوەندییەکانی ڕژێم بۆ ئەنجامدانی ئەم تێرۆرە ناسێندراون و ئەوەی بۆیان ماوەتەوە، ڕووڕەشییە لە ئاستی میللەت و نەتەوەکەیاندا.
لەمەش زیاتر، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە و لەلایەکەوە بووەتە چقڵی چاوی ناحەزان و نەیارانی گەل و لەلایەکی دیکەشەوە بووەتە مایەی ئاسوودەییی ڕۆحی شەهیدانی ١٧ی سەرماوەز، ئەوەیە کە ڕێگای پڕشانازییان بێ ڕێبوار نەماوەتەوە و ڕۆژانە پۆل پۆل لە لاوانی شۆڕشگێڕی کورد پەیوەست بە ڕیزی خەباتگێڕانی دێموکرات دەبن و بڕیار دەدەن کە ڕێگا و سەنگەری ئەوان چۆڵ نەبێت.
یاد و ناوی شەهیدانی ١٧ی سەرماوەز و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی بەرز و بەڕێز بێت و ڕێگایان پڕ ڕێبوار.