ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو" لەمەڕ پێشێکارییەکانی مافی ژنان لە ئێران ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی تایبەت بە مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٥ بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو" لە مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٥ی زایینیدا، لانیکەم ٢٢ چالاکی ژن لەلایەن هێزە سەرکوتکەرکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و ٥ چالاکی دیکەش لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لە ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییەدا هاتووە کە لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا لانیکەم ٢٠ حاڵەتی ژنکوژی و ٥ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمار کراوە.
زانیارییەکانی "هەنگاو" ئاماژە بەوە دەدەن کە لەو ٥ حاڵەتەی لەسێدارەدانی ژناندا ٢ ژن بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و ٣ ژنی دیکەش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەرەوە لە سێدارە دراون و شوناسی ئەو ٥ ژنە بەو شێوەیەیە: "زەهرا میرغەفاری خەڵکی هەشتڕوود، شەوکەت وەیسی خەڵکی دامغان، قومری عەباسزادە خەڵکی ساری، مەهین ڕەحیمی خەڵکی مەشهەد و مینا سدووقی خەڵکی کەرەج".
هەروەها بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانیکەم ۲۲ چالاکی ژن لە لایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون کە بەگشتی ۱۹٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی ئەو مانگە پێک دێنن.
لەنێو ئەو ڕێژەشدا لانیکەم ۸ ژنی بەهایی و ۲ ژنی کورد دەسبەسەر کراون.
ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو باس لەوە دەکات کە لە ماوەی مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٥دا لانیکەم ۵ چالاکی ژن سەرجەم سزای ۱۳ ساڵ و ۳ مانگ و ۱ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ڕێژەی ژنکوژی کراوە و هاتووە: "لە ماوەی مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٥ لانیکەم ۲۰ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیان ڕووی داوە".
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ۷ ژن لەلایەن هاوژینەکەیان، ۲ ژن لەلایەن براکەیان، ۲ ژن لەلایەن کوڕەکەیان، ۲ ژن لەلایەن زاوا، ۲ ژن لەلایەن مێردی خوشکیان و ۱ ژن لەلایەن خەسوویەوە کوژراون و لەو ڕێژەیەش لانیکەم ۱ ژن بە پاساوی پاراستنی نامووس، ۱۳ ژن بەهۆی کێشەی خێزانی، ۱ ژن بەهۆی داوای جیابوونەوە، ۲ ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری و ۴ ژن بە هۆی دزی و بابەتی ئابوورییەوە کوژراون.
ژنان لە ئێراندا قوربانیی سەرەکیی ئیدۆلۆژیی ئایینیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین و سەرەڕای ڕێژەی بەرچاوی ئاماری ژنکوژی و توندوتیژیی بەرانبەریان، سەرپەنا و ناوەندێک کە بتوانێت لە بارودۆخی هەستیاردا پاڵپشت و پشتیوانیان بێت و لە بەرانبەر ماف و داخوازییەکاندا وڵامدەر بێت، بوونی نییە.