کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٨ کەس لە بۆکان لە ماوەی پێنج ڕۆژدا

10:09 - 18 سەرماوەز 2725

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا لە ماوەی ٥ ڕۆژدا و لە ماوەی زەمەنیی ١٣ هەتا ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا، لانیکەم ٨ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لە شەپۆڵیکی نوێی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤، دوو هاووڵاتیی خەڵكی گوندی "کانی ڕەش" سەر بە شاری بۆکان، بە ناوەکانی قادر کۆڵە تەمەن ٣٥ ساڵ و کاوە کۆڵە تەمەن ٤٥ ساڵ، بە هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکانیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

لە دریژەی ئەم هێرشەدا، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ئەم دوو هاووڵاتییە وەک مۆبایلەکەیان و کامێرای ماڵەکانیاندا گرتووە.

سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هیزەکانی ڕێژیم لەمبارەوە هیچ ڕوونکردبەوەیەکیان نەداوە.

قادر و کاوە کۆڵە هەردووکیان خێزاندارن و منداڵیان هەیە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەز، ئومید بادی، وێنەگر و فیلمهەڵگری خەڵكی بۆکان لەلایەن هێزە سەرکەتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شوێنی کارەکەی خۆی لە گەڕەکی "عەلیاوا"ی بۆکان دەسبەسەر کرا.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤، چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "سلێمان (محەممەد) ئیسماعیلی" خەڵکی میراوێی بۆکان، "دیار حاجی ڕەسووڵپوور"، "دیان ڕەسووڵپوور" و "ئەحمەد زرەنگ"، خەڵکی بۆکان و گوندی "گڵۆڵان" بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندتیژییەوە، لە ماڵەکانی خۆیاندا دەسبەسەر کران و دەست بەسەر کەلوپەلە کەسیییەکانیاندا گیرا.

لە کۆتاییشدا ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەز، سمکۆ یووسفی وانەبێژی زمانی کوردی و چالاکی مەدەنی، بە توندوتیژییەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان دەسبەسەر کرا.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."