لابردنی ئەرزی تەرجیحیی دەرمانی هاوردەکراوی نەخۆشییە تایبەتەکان لەگەڵ کاردانەوەی توندی چالاکانی تەندروستی بەرەوڕوو بووەتەوە و ئەو بڕیارەیان بە کارەساتبار لە قەڵەم داوە.
یوونس عەرەب، بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی تالاسێمیی ئێران، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیلنا"ی ڕێژیم هۆشداریی دا کە لابردنی ئەرزی دەرمانی هاوردەکراوی نەخۆشییە تایبەتەکان دەتوانێت نرخی دەرمان لانیکەم ٤ قات و لە خراپترین حاڵەتدا هەتا ١٢ قات بەرز بکاتەوە.
ئەنجومەنی تالاسێمیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، ڕەخنەی لە بڕیاری بەپەلەی دەوڵەتی پزشکییان گرتووە و هۆشداریی داوە کە بەردەوامیی ئەو ڕەوتە دەتوانێت دەسپێڕاگەیشتنی زیاتر لە ٢٠ هەزار تووشبووی تالاسێمی بە دەرمانە پێویستەکان لەگەڵ مەترسیی جیددی ڕووبەڕوو بکاتەوە.
عەرەب هەروەها ڕەخنەی توندی لە دواکەوتنی ٧ هەتا ٨ مانگەی بیمەکان لەمەڕ دانی پارەی بەڵێندراو و ناکارامەیی گەڵاڵەی داروویار گرتووە و وتوویەتی: "نەخۆشەکان بۆ دابینکردنی هەندێک دەرمان وەکوو دەرزییەکان ڕەنگە ٥ هەتا ٦ قات زیاتر پارە بدەن".
ناوبراو پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە ٩٠ لەسەدی تووشبووانی تالاسێمییەکان لە چینی کەمداهات و ناوچە پەراوێزنشینەکاندان و سەپاندنی وەها نرخێک بەسەر ئەو بنەماڵانەدا بە واتای دابڕاندنی نەخۆشەکان لە دەسپێڕاگەیشتن بە دەرمانە و پەرەسەندنی قەیرانی مرۆییە.