کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: بە بێ پاراستنی مافەکانی ژنان، هیچ خەباتێکی ڕزگاریخوازانە و مافخوازانە ناگاتە ئامانجی کۆتایی

01:43 - 19 سەرماوەز 2725

کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ پەیامێکی بڵاو کردەوە.


دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

١٠ی دێسامبر کە وەک ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ ناسراوە، وەبیرهێنەرەوەی پەسندکرانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٨دایە.
ئەم جاڕنامەیە کە لە ٣٠ ماددە پێک هاتووە، بەڵگەنامەیەکی جیهانییە بۆ بەفەرمی ناسین و گرنگیدان بە ماف و ئازادییەکانی هەموو مرۆڤەکان.
ئەو ماف و ئازاداییانەی کە خەڵکی کوردستان ساڵەهای ساڵە لەپێناویاندا لە خەبات و قوربانیدان بەردەوامن؛ بەڵام  بە درێژایی سەدەی ڕابردوو، بە ئاگر و ئاسن و فیشەک وڵام دراونەتەوە.

ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ دەکەینەوە کە هەڵمەتێکی ١٦ ڕۆژەی جیهانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانیش وەڕێ کەوتووە و بەردەوامە.

بەم بۆنەیەوە پابەندبوونی خۆمان بە هەموو بڕگەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ دووپات دەکەینەوە و پێمان وایە تا هەموو مرۆڤەکان نەبنە خاوەنی مافی یەکسان و وەک یەک، کێشە و ناکۆکییە جیهانییەکان و بە تایبەت شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی نایەت. 
هەر بۆیە بێگومان تا گەیشتنی هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو مافە سیاسی، کەلتووری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانیان، خەبات و تێکۆشانی ئێمەش بەردەوام دەبێت.

جەختیش دەکەینەوە کە بە بێ پاراستنی مافەکانی ژنان، نە ئامانجەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ دەستەبەر دەکرێت و نە هیچ خەباتێکی ڕزگاریخوازانە و مافخوازانە دەگاتە ئامانجی کۆتایی.


مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤
٩ی دێسامبری ٢٠٢٥