کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبیناری بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵات لەگەڵ سێناتۆرێکی ئوسترالیا

10:26 - 19 سەرماوەز 2725

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤( ٩/١٢/٢٠٢٥)، هیئەتێکی ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرستیی سەلاح پوورئەسەد بە شێوەی ئانلاین لەگەڵ سێناتۆر دەیڤد شۆبریج لە حیزبی سەوزەکانی ئوسترالیا کۆ بوونەوە.

ناوبراو بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەمنییەت و بەرگری و بەشی چەند فەرهەنگیی حیزبی سەوزەکان لە سێنای ئوسترالیایە.

ناوبراو دۆستێکی بەئەمەگی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستانە و لە ماوەی ئەو یەک دوو ساڵەدا و دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پێوەندییەکی قووڵی لەگەڵ کوردانی ڕۆژهەڵات و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێنا.

 لە دیدارە ئۆنلاینەکەی ڕۆژی سێشەممەی ناوەندی پەیوەندییەکانی حیزبدا داوا لە سێناتۆر شۆبریج کرا کە زیاتر پشتیوانی پرسی مافی مرۆڤ، پرسی زوڵم و زۆری ڕێژیمی ئیسلامی دەرحەق بە گەلانی ئێران و نەتەوەی کورد و ژنان لە مەجلیسی سێنادا بکات.

هەرەوەها هاوڕێیانی حیزبی وەبیر ناوبراوایان هێنایەوە کە بارودۆخی پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە تورکیە و باشووری کوردستان زۆر خراپە و پێویستە سەوزەکانی ئوسترالیا لەم پێوەندییەدا هەوڵی جیددی بدەن.

بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بە ئامار و داتای وردی ئیعدام و بەندییەکانی کورد بەدەستی ڕێژیمی ئیسلامی و سەرکوتی ئەو دواییانەی پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە بوو.

سێناتۆر شۆبریج ڕایگەیاند کە ئەو هەمیشە پشتیوان و پارێزەری مافی کورد بووە و لە سێنادا چەند جار باسی پرسی کوردی کردووە و لە دەرد و ژانەکانی ئەو گەلە ئاگادارە و خۆی لە نزیکەوە ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستانی دیوە.

هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی پەناباران ناوبراو داوای کرد کە لیستێکی لەو پەنابەرانەی بۆ بنێرن کە لە بارودۆخێکی ئەستەم و دژواردان.

هاوڕێیانی حیزبی ڕوو لە ناوبراو رایانگەیاند کە خۆشحاڵ دەبن ساڵی داهاتووش وەک ئەو ساڵ بۆ پێکهێنانی سێمینار و کۆنفرانس لە پارلەمانی ئوسترالیادا و بەشدار و هاوکاریان بێت. هەروەها سپاسیان کرد کە لە دەنگدانی پارلەماندا دەنگیان بە بەڵێ داوە بۆ بە تێروریست ناساندنی سپای پاسداران و دەرکردنی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی.

سێناتۆر شۆبریج بەڵێنی دا کە وەک هەمیشە پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد دەکات و بە تەواوی بۆ بەڕێوەبردنی سێمینار لە پارلەمانی ئوسترالیادا ئامادەیی دەربڕی.

لە کۆتاییدا هاوڕێیان داوایان لە سێناتۆر شۆبریج کرد کە لە داهاتووشدا پێوەندیی باشتر و کۆبوونەوەی زیاتریان لە سەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەبێت.