کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران گەورەترین بەندیخانەی ڕۆژنامەوانان لە جیهانە

11:39 - 19 سەرماوەز 2725

ئێران لە بواری ئازادیی ڕۆژنامەوانییەوە لە خوارەوەی پێڕستی هەموو وڵاتانەوەیە و بە گوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی ڕێپۆرتێرە بێسنوورەکان لەبارەی ئازادیی ڕۆژنامەوانییەوە، ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت سەرکوتکردنی ڕۆژنامەوانان و ڕێگری لە چالاکییەکانیان هەروا لە خوارەوەی پێڕستی ئەو ڕێکخراوەدایە.

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەز، پێوەری جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەوانیی ڕێکخراوی ڕێپۆرتێرە بێسنوورەکان لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڵاو کرایەوە و ئەم ڕێکخراوە لەمەڕ دۆخی خراپی ئێران لەمبارەوە هۆشدارییەکی مێژوویی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە جیهان بۆ یەکەمین جار چووەتە قۆناغێکەوە کە ئازادیی ڕۆژنامەوانی "بەشێوەی زۆر دژوار" هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێرشی فیزیکی بۆ سەر ڕۆژنامەوانان وەکوو پێشوو بە زۆرترین حاڵەتەکانی ڕێگری و توندوتیژیی دژی ڕۆژنامەوان بە ئەژمار دێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕێپۆرتێرە بێسنوورەکان، ئەمڕۆ ڕۆژنامەوانان و چالاکانی ڕاگەیاندن لە هەموو کات زیاتر لەنێوان دوو بژاردەی "کاری سەربەخۆ" و "مانەوە"دا گیریان کردووە.

بەپێی پێوەری ئەو ڕێکخراوە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە کۆی ١٨٠ وڵات، ١٦٠ وڵات دۆخی چالاکیی ڕۆژنامەوانیی تێیاندا دژوار لە قەڵەم دراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لە دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا کراوە و بەپێی پێوەرەکانی ساڵی ٢٠٢٥ دۆخی ئێران بەگشتی لەنێو ١٨٠ وڵاتدا لە پلەی ١٧٦ی هەیە و لە هەر کام لە پێوەرەکانی سیاسیدا پلەی ١٧٥، لە پێوەری ئابووریدا پلەی ١٧٣، لە پێوەری یاساداناندا لە پلەی ١٧٥، لە پێوەری کۆمەڵایەتیدا لە پلەی ١٧٧ و لە پێوەری ئەمنییەتیدا لە پلەی ١٧٣ی پێڕستی ئەو ڕێکخراوەدایە.

هەروەها ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت سانسۆری سیستماتیک، دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان، کۆچی زۆرەملێی چالاکانی میدیایی، داخستنی ماڵپەڕ و میدیاکان و گوشاری ئابووری لە دژی چالانی میدیایی و ڕۆژنامەوانان بە یەكێک لە مەترسیدارترین و سنووردارترین ژینگەکانی کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکیی میدیایی بە ئەژمار دێت.

شایانی باسە ڕێکخراوی ڕێپۆرتێرە بێسنوورەکان لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا و تایبەت بە ساڵی ٢٠٢٥ ئاماژەی بەوە داوە کە "ئێران لە دوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا بووەتە یەکێک لە سەرکوتکەرترین وڵاتان لە بواری ئازادیی میدیایی و ڕۆژنامەوانییەوە و ئەو وڵاتە لە ئیستادا گەورەترین بەندیخانەی ڕۆژنامەوانی لە جیهاندایە".