ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە نەوەدوهەشتـەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردنیان لە ٥٥ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێراندا لە چالاکییەکانیان بەردەوامن و لەوبارەوە بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.
لە بەیاننامەی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەداندا باس لەوە کراوە کە ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا تەنیا سزایەک نییە بەڵکوو تاوانێکی بەرنامەداڕێژراو و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی ژیانە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لە حەفتەی ڕابردوودا ٩٥ کەس لەوانەش ٢ ژن لە سێدارە دراون.
هەروەها نووسەرانی بەیاننامەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان ئاماژەیا بەوە داوە کە لە ١٧ ڕۆژی سەرەتای مانگی سەرماوەزدا، ٢٠٠ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ئێراندا تۆمار کراوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە مردنی گوماناویی "خەسرەو عەلیکوردی" پارێزەری دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا کراوە و ئەو کەمپەینە ناوبراوی وەک یەكێک لە باوەڕپێکراوترین پارێزەرە مافخوازەکان لە قەڵەم داوە و لەوبارەوە سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی ئەو پارێزەرە و هەموو پارێزەرە مافخواز و دادپەروەرەکان دەربڕیوە.
ئەم کەمپەینە کە لە ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوییەوە دەستی پێ کردووە نزیک بە ٢ ساڵە بەردەوامە و بەندکراوانی دەیان بەندیخانە لە ئێران ڕۆژانی سێشەممەی هەموو حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرتووە و بەو شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر سزای دژەمرۆیی سێدارە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەربڕیوە.