
هەردی سەلیمی
ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی سەرماوەز، ڕێکخراوی ڕاپۆرتنێرانی بێسنوور ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر دۆخی ئازادیی ڕاگەیاندن لە ئاستی جیهاندا بڵاو کردەوە. لەم ڕاپۆرتەدا بۆ یەکەم جار هۆشداری دراوە کەوا ئازادیی ڕاگەیاندن لە "دۆخێکی بەگشتی دژوار"دایە.
لەم ڕاپۆرتەدا جەختێکی زۆر لەسەر دۆخی ناسەربەخۆی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیەنکاران لە ڕووی ئابوورییەوە کراوەتەوە، کە ئەم ڕاپۆرتە پێی وایە ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ڕاگەیاندنەکان بکەونە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتە سیاسی و سەرمایەدارییەکان و لە سەربەخۆیی نووسین دوور بکەونەوە.
ئەمە تاکە کێشەی میدیاکاران نییە، هەر لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە لە یەک ساڵی ڕابردووی زایینیدا ٦٧ ڕاپۆرتنێر کوژراون کە ئیسرائیل بە کوشتنی ٤٣٪ی ئەوانە یەکەمە و ئەرتەشی ڕووسیەش بووەتە هۆی کوژرانی چوار لەسەد لەو میدیاکارانە.
لە ئێرانیش ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێران وەک ساڵانی پێشوو لە دۆخێکی نالەباردان. هەر لە ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا کە باس لە ئازادیی ڕاگەیاندن بوو، ئێران لەنێو ١٨٠ وڵاتدا پلەی ١٧٦ـی بەدەست هێنابوو، کە ئەمە نیشانەیەکە لە سەرکوتێکی سیستماتیک و بەردەوام کەوا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێ دەکرێ. لە ڕاپۆرتەکەی ١٨ی سەرماوەزیشدا ئێران وەک یەکێک لە گەورەترین بەندیخانەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان و هەواڵنێران دەناسرێ و لەم ڕیزبەندییەدا پلەی حەوتەمی بەدەست هێناوە.
دەبێ جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە ئەم ئامارە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کەوا بەفەرمی ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێرن و ئەندامی "خانەی مەتبووعات"ـی ئێرانن، دەنا دەیان ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێری سەربەخۆمان هەیە کە لەژێر گوشاری سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامیدان و ناویان لە هیچ ڕاپۆرتێکیشدا نەهاتووە. سەرەڕای ئەوە بە دەیان چالاکی مەدەنی و سیاسی هەن کە هەوڵ دەدەن هەواڵی کەموکووڕی و هەڵاواردنەکانی کۆماری ئیسلامی و دۆخی نالەباری ژیان و ژینگەی خەڵکی ئەو وڵاتە لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بگوازنەوە، بەڵام هەر بەو هۆیە و لەژێر تۆمەتی پرۆپاگاندا بەدژی ڕێژیم دەستبەسەر دەکرێن و ناویشیان وەک هەواڵنێرێکی دەستبەسەرکراو تۆمار ناکرێ؛ بۆیە ئەم ئامارەش وەک زۆربەی ئامارەکانی تر ناتوانێ دەرخەری تەواوی ئەو دۆخە بێ کەوا کاروباری ڕاگەیاندن لە وڵاتی ئێراندا لەگەڵی بەرەوڕووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ڕێژیمێکی تۆتالیتەر و دەستتێوەردەر لە هەموو کەلێن و قوژبنێکی ژیانی خەڵکدا، هەمیشە هەوڵی داوە دەست بەسەر هەموو لایەنێکی ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتەدا بگرێ و یەکێک لەو ڕێگایانەی ئەوە بووە پێش بە ئاڵوگۆڕی ئازادانەی هەواڵ و زانیارییەکان بگرێ. بۆ ئەم مەبەستەش وێڕای ئەوەی لە پێداویستییەکانی بەردەستی خۆی وەک ڕۆژنامە و تەلەڤیزیۆنە حکوومەتییەکان و بەرئاوەژوونیشاندانی ڕاستییەکان کەڵکی وەرگرتووە، لە هەمان کاتیشدا دەستی داوەتە سەرکوتی ڕەق و ڕەهای هەواڵنێران و ڕۆژنامەنووسان و بە لەسەرکارلادان و گرتن و کوشتنیان هەوڵی داوە پێش بە گواستنەوەی هەواڵ و زانیاریی ڕاستەقینە بگرێ.
هەرچەندە کۆماری ئیسلامی وەک باس کرا لە هیچ ڕوویەکەوە لەسەر سەرکوتی ئەم توێژە ئاگاییبەخشە درێغی نەکردووە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە بەتەواوی دەنگیان کپ بکات و نەیتوانیوە پێش بە گواستنەوەی ئاگایی و زانیارییەکان بگرێ. ئەوەی ئێمە بەتایبەت لەم ساڵانەی ڕابردوودا و لە ڕەوتی ناڕەزایەتیدەربڕینەکاندا شایەدی بووین ئەوە بووە کە سەرەڕای پچڕاندنی تۆڕی ئینتەرنێت، گرتن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و هەواڵنێران و هەڕەشەوگوڕەشەی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی، هەر هەبوون ڕاگەیەنکارانێکی دەروەست کەوا سەرەڕای هەموو زەبروزەنگەکان هەموو مەترسییەکیان بە گیان کڕیوە و باقیی خەڵکی ئەو وڵاتەیان لە ڕووداوەکان ئاگادار کردووەتەوە؛ تەنانەت ئەوە هەتا ڕادەیەک بووە کە ململانێی نێو باڵەکانی کۆماری ئیسلامییش لە خەڵک شاراوە نەماوەتەوە و ئەو ڕێژیمە نەیتوانیوە سەرەڕای هەموو سەرکوتەکانی پێش بە دزەی زانیارییەکان بگرێ و تەنیا پەڵەیەکی ڕەشی بۆ ماوەتەوە کە بە نێوچاوانی ئەم ڕێژیمەوەیە و هەتا مێژوو مابێ ناسڕێتەوە.