هاوڕێیانی هێژا!
ژنانی خەباتکار و ئازادیخوازی کورد!
ئامادەبوانی بەڕێزی کۆنگرە!
بە ناوی کومیتەی پێوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان بەبۆنەی پێکهێنانی یەکەمین کۆنگرەی ڕێکخراوەکەتانەوە پێشکەش بە هەموو ئێوەی بەڕێز و لە ڕێگەی ئێوەشەوە پێشکەش بە هەموو ئەو ژنە چاوکراوە و مافخوازانە دەکەین کە لە پێناوی بەدیهاتنی ئامانجی یەکسانی و دادپەروەریدا تێدەکۆشن.
هەروەها لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە، سەری ڕێز دادەنەوێنین بۆ هەوڵ و ماندووبوونی ئێوە ژنانی تێکۆشەری کورد لە تاراوگە کە وەکوو باڵوێز و نوێنەری دەنگی ڕەوای مافخوازیی نەتەوەکەتان، هەوڵ دەدەن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ببنە تریبۆنێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی ژنانی بوێری کورد لە نێوخۆی وڵاتەکەمان دژ بە یاساکانی کۆنەپەرەستی و داگیرکاری و ستەم.
سەرەڕای ڕۆڵی حاشاهەڵنەگری ژنان لە بەرەوپێشچوونی ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان لە ڕابردوودا، بۆ هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە کە لە سەردەمی ئێستاشدا، ڕەوتی خەباتی ئەوان، چ پێشکەوتنێکی خێرای بە خۆیەوە بینیوە و بزووتنەوەی ژنان چ ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگر و کەموێنە لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سەردەمەدا دەگێڕێت. ژنان بەهۆی ئەوەی کە زیاتر لە هەموو توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا بەرەوڕووی گوشار و پەراوێزخستن و هەڵاواردن بوونەتەوە، لە سەردەمی شۆڕشی زانیاریدا و بە چوونەسەری ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتنیان بۆ پێۆەندییەکانی زاڵ بەسەر جیهانی ئەمڕۆدا، لە ڕیزی هەرەپێشەوەی هەر جووڵە و چالاکییەکدان کە ئامانجی ئازادی و یەکسانی و بنبڕکردنی ستەم و نەزانی و هەڵاواردنی لە پشت بێت.
بەشداریی چالاکانەی ژنان و کچانی دەروەستی نەتەوەکەمان لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە و پەیوەستبوونی ڕوولەزیادبوونیان بە تێکۆشەرانی شاخ لەم ساڵانەی دواییدا لە لایەک و ئاماری بەشداریی پێشەنگانەی ژنانی بوێر لە خۆپیشاندانەکانی سەرشەقام لە شۆڕشی ژینادا کە بەرەوڕووبوونەوەی توندی لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و قوربانیدانی کەموێنەی ژنانی لە شۆڕشی شەقامەکاندا لێ کەوتەوە، بوو بە هۆی ئەوەی کە دروشمی سەرەکیی شۆڕشی ژینا ببێتە "ژن، ژیان، ئازادی" و هەر لەو ڕێگەیەوە جیهان ئەمجارە لە دەلاقەی ناسینێکی نوێ و مودێڕنەوە چاو لە پرسی کورد و داخوازە مرۆییەکانی نەتەوەکەمان بکات.
بەڕێزان!
ئێمە پێمان وایە، گرتنی کۆنگرەکەتان لە وەها هەلومەرجێکدا، کردەوەیەکی بەجێ و لە کاتی خۆیدا و وەڵامدانەوەیەکی ژیرانە بۆ پێویستییەکانی خەباتی ژنانی نەتەوەکەمانە کە دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ بەرزترکردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی ژن لە هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا و بێگومان لە بەرژەوەندیی گشتیی خەباتی یەکسانیخوازانەی مرۆڤ بەگشتی و خەباتی ڕەوای کورد بە تایبەتیدا دەبێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو پێوەندییەدا خۆی بە هاوخەباتی ئێوە دەزانێت و پشتیوانیی هەمەلایەنەی خۆی بۆ هەوڵ و چالاکییەکانتان دەردەبڕێت. ئێمە هەروەها هەوڵ و ماندووبوونتان لە پێناوی خزمەت بە پرسی ژن و دۆزی نەتەوەکەماندا بەرز دەنرخێنین و کۆنگرەکەتان بە هەنگاوێکی پیرۆز و پێشکەوتنێکی گرینگ دەزانین.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی یەکەمی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانییەوە پیرۆزباییتان لێ دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان لە بە جێ گەیاندنی ئەو ئەرکە شۆڕشگێڕانەیەدا بۆ دەخوازین.
هەر بژین و سەرکەوتوو بن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کومیتەی پێوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی دەرەوەی وڵات
دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی