کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزب لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئەزمونە دێموکراتیک، کۆمەڵایەتی و ئێکۆلۆژییەکانی باکووری کوردستان

10:19 - 22 سەرماوەز 2725

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوزەی ١٤٠٤(١١/١٢/٢٠٢٥)، کانی جەهانگیری نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەرانسە بەشداریی لە سێمینارێکی تایبەت بە ئەزموونە دێموکراتیک، کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژییەکانی باکووری کوردستان کرد.

سێمینارەکە لەلایەن فۆنداسیۆنی دانیێل میترانەوە ڕێک خرابوو و لە چەند پانێلێک پێکهاتبوو.

کۆمەلێک میوانە لەوانە: گوڵتان کشاناک هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی دیاربەکر و ڕۆژنامەنووس،  بیشار ئیچلی و ئەندامانی دیکەی بزووتنەوەی ئیکۆلۆژی میزۆپۆتامیا، ڕوکەن ئایدن نوێنەری ڕێکخراوی ژنانی ئازاد و هەر دوو هاوسەرۆکی دیاربەکر دۆگان هاتون و سێرا بوجاک بەشداری ئەم سێمینارە بوون و  باسێکی دوورودرێژ و پڕ ناوەڕۆکییان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

دواتر سەرۆکی فۆنداسیۆنی دانیێل میتران، ڕێزدار ژیلبێر میتێران و جێگری فۆنداسیۆن ڕێزدار ژەکلین مەدێخێرل و کەنداڵ نەزان بەرپرسی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس، باسێکیان لەسەر کار و چالاکیی دانیێل میتران لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرد و دیاری دانیێل میترانیان پێشکەش بە میوانانی سێمینارەکە کرد.

دوای ئەم بەشە هەر یەک لە سیلفەن گریفۆل سەرۆکی شارەوانیی شاری مەلێ، ئۆمبێلیێن دەژیکوخ جێگری یەکەمی فرانس کۆمون، ئەلامامی کانۆتێ  نوێنەری ئەسامبلێ دێ کەختیێ، هێمولیلی ئاکتیڤیست و نوێنەری خێسۆ هیدر و سومەیە ڕۆستەمپوور چالاکوانی فێمینیست، باسیان لەسەر چۆنییەتیی کار و چالاکییەکانی کوردانی باکوور کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە چۆن بتوانن ئەو توانایەش بۆ وڵاتی فەرانسە تەرخان بکەن. نوێنه‌ری حیزب له‌م سێمینارەدا لەگه‌ڵ چه‌ندین کەس لە به‌رپرسانی ئه‌و ڕێکخراوه و چه‌ندین بەشداربووی کۆنفرانسەکە سه‌باره‌ت به دۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان بیر و بۆچوونیان گۆڕیەوە، لەوانە ژیلبێر میتێران کوڕی دانیێل میتران و سەرۆکی فۆنداسیۆنی دانیێل میتران و ژەکلین مەدێخێرل جێگری فۆنداسیۆنی دانیال میتران و فرانس لیبێرتێ، خۆشحاڵیی خۆیان لە بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات دەربڕی و داوایان کرد کە بە زووترین کات دانیشتنێک سەبارەت بە دۆخی سیاسی و مرۆیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێک بخەن.