کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی بەشی پیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە پارلەمانی شاری ڤییەن

10:24 - 22 سەرماوەز 2725

ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤(١٢/١٢/٢٠٢٥)، لە درێژەی دانیشتنەکانی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارلەمانتارانی حیزبی سۆسیال دیمۆکرات لەسەر ئاستی ڤییەن، محەممەد فەقێ‌عەلی بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە سەردانی کلوپی پارلەمانتارانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی کرد و بەڕێزان خاتوو پاتریچیا ئەندەرلێ و شەفەق ئاکچای پێشوازییان لێ کرد.

لەم دانیشتنەدا نوێنەری حیزب وێڕای باسێک لەسەر کوردستان و ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، چەند پێشنیارێکی، وەک بەرنامەی کاری خۆی لەسەر ئاستی ئەو شارە بۆ هەر دوو خاتوونی پارلەمانتار باس کرد و داوای پشتیوانی و هاوکاریی بە تایبەتی لە حیزبی سۆسیال دیمۆکرات کرد کە حکوومەتی فیدراڵی ئەو شارەی بەدەستەوەیە.

ئەوانیش وێڕای پێشوازی لەم سەردانەی نوێنەرایەتی حیزب، بەڵێنیان دا کە بە دوای کارە پێشنیارییەکانی نوێنەری حیزبی دێموکراتدا دەچن و هەموو هێز و توانایان بۆ هاوکاری و پشتیوانیی نوێنەرایەتی حیزب دەخەنە گەڕ و بۆ ئەو مەبەستەش لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبن.