کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وەزارەتی دەرەوەی ئۆتریش

11:11 - 11 سەرماوەز 2725

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١/١٢/٢٠٢٥)، محەممەد فەقێ‌عەلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد.

نوێنەری حیزب لەلایەن دوکتۆر ئێفا ماریا چیگلەر بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە پێشوازیی لێ کرا.

نوێنەری حیزب سەرەتا کورتە مێژوویەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕۆڵ و پێگەی حیزب لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و سیاسەتی دنیاپەسەندانەی ئەو حیزبەی بەتایبەتی لە ئاستی پاراستنی مافی مرۆڤ و خەباتی نەتەوایەتی بێ دەمارگرژی نەتەوەیی، هەوڵدان بۆ بەیەکەوە گونجان و لێکتێگەیشتنی هەموو نەتەوەکانی ئێران بۆ خاتوو چیگلەر باس کرد.

ناوبراو سەرنجی خاتوو چیگلەری بۆ سەر ئێران و بە تایبەتی پرسی فرەنەتەوەبوونی ئەو وڵاتە و هێرشە دڕندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئازادیخوازان و بەتایبەتی ئازادیخوازانی کورد لەدوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل بە دژی ئێران ڕاکێشا کە بە بیانووی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی مووساد دەیان و بگرە سەدان کەس گیراون کە بە داخەوە بەشێکیشیان هەر بەم بیانوویە ئیعدام کراون.

نوێنەری حیزب لە وتەکانیدا پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە نەتەوەی کورد بەگشتی نەتەوەیەکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستە و تا ئێستا نموونە نەبووە کە کوردەکان وێڕای ئەو هەموو تاوان و ڕەشەکوژی و ئەنفال و کیمیاباران و تا دەگاتە جیهادی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بەو نەتەوەیە، جارێک دەستیان بۆ تاوانێکی دژەمرۆڤی بردبێ تاکوو تۆڵەی خۆیان بکەنەوە، چونکە ئەوان باوەڕیان بە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ هەیە. هەرچەند لەوانەیە بەپێی پێویست و لەسەر ئاستی جیهان وانەبیندرێت بەڵام هەر ئێستا دەبینین کە لەو هەرێم و ناوچانەی کە کورد دەسەڵاتێکی خۆجێی بە دەستەوەیە لە هەموو بوارەکاندا، بە چەند هەنگاویش پێش حکوومەتە دراوسێکانیان کەوتوون، کە بە قەولی خۆیان ئەزموونی سەدان و بگرە هەزاران ساڵەی حکوومەتداریان هەیە. ئەم سەرکەوتنەش بە دڵنیاییەوە بەشی هەرەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئازادی و پاراستنی مافی تاک و کەمینەکان لەم ناوچانە.

نوێنەری حیزب لە کۆتاییدا وتی: ئەوە لە وڵاتی ئوتریش چاوەڕوان دەکەم کە وەک وڵاتێکی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپا و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان تا بۆی دەکرێ پشتیوانی لە کوردەکان بکات، یەکێک لەو ڕێگایانە بۆ بە دێموکراتیزەکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پرسی کوردە. پرسی زیاتر لە ٤٠ ملیۆن مرۆڤە، کە هیچکات ملی بۆ دیکتاتۆری و ناعەداڵەتی دانەنەواندووە. ئامادە بووە بمرێت بەڵام دەسبەرداری مافەکانی خۆی و ئازادی کە یەکێک لەو مافانەیە نەبووە و نابێت. بۆیە لە باری ستراتێژی و ئەخلاقیشەوە ئەوە ئەرکی وڵاتێکی وەک ئوتریشە کە پشتیوانی لە وەها نەتەوەیەکی ئازادیخواز بکات، کە دەتوانێ ببێتە نموونەیەکی دیار و سەرکەوتوو بۆ بەیەکەوە ژیان و دێموکراسی.

لە کۆتاییدا، خاتوو چیگلەر وێڕای سپاس بۆ ئەو سەردانە و ئەو زانیارییانەی هیوای خواست کە بتوانێت لە داهاتوشدا لەوەها دانیشتنێک لەگەڵ نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات بێبەری نەبێت و دڵنیاییشی دا هەرچی لە توانای ئەودا بێت و لە چوارچێوەی دەستووری کاری ئەودا بگونجێت بە دڵنیاییەوە بۆ مافی مرۆڤ و پاراسنتی گیان و ژیانی مرۆڤەکان و بە دێموکراتیزەکردنی ئەم ناوچانە هەوڵی خۆی بدات.