ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤(١٢/١٢/٢٠٢٥)، جێژنی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و کوردانی نیشتەجێی ئەو ناوچەیە بەڕێوە چوو.
ڕێوڕسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان لەلایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە کاک پیران قادرزادەوە دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ لەلایەن بەڕێز هیوا ئەحمەدییەوە خوێندرایەوە.
لە درێژەی ڕێوڕسمەکەدا سروودی پێشمەرگە لەلایەن هونەرمەندان شێرکۆ مەریوانی و سامان بەکرەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕسمەکەدا پەیامی هاوبەشی کۆمەڵەی کوردی، یەکیەتیی ژنان و یەکیەتیی لاوان لەلایەن خاتوو پەخشان فەتاحییەوە خوێندرایەوە.
لەلایەن هونەرمەند خدر کۆچەرەوە سروودی «واهاتن پێشمەرگەی مە» پێشکەش بە ئامادەبووانی ڕێورەسمەکە کرا.
چەند بروسکە و چەپکەگوڵی پیرۆزبایی لەلایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکان و هەروەها چەند کەسایەتیی سەربەخۆوە پێشکەش کران کە بریتی بوون لە:
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان / لقی ئۆستفۆڵد
ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران / کۆمیتەی نۆروێژ
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان / ئۆستفۆڵد
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان / نۆروێژ
لە درێژەی ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەزدا هاوڕێ حەسەن غەمبار پەیامی ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی خوێندەوە و دوای ئەو پەیامە کاک سلێمان ئەحمەدنژاد هەڵبەستێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێورەسمەکەدا وەک هێمایەک بۆ درێژەدان بە خەبات لەلایەن دوو پیاو و دوو ژن وەک پێشمەرگەی دێرین بە ناوەکانی سادق نەسیریان، محەممەد سەلیم پوور، شلێر ڕەسووڵی و خەدیجە قادرپوور ئاڵای کوردستان ڕادەستی چوار کچ و کوڕی لاو بەناوەکانی سروە عەزیزی، ئەوین کەریمی، چیا مەناف و هونەر عەلیپوور کرا.
بڕگەی کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمە، بە دەنگی بەسۆزی هەر یەک لە هونەرمەندان شێرکۆ مەریوانی، خدر کۆچەر و سامان بەکر ڕازایەوە و ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەرکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.