ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٣/١٢/٢٠٢٥)، جێژنی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵای کوردستان و ڕۆژی پێشمەرگە لە شاری ترۆندهایمی نۆروێژ بەڕێوە چوو.
لەم جێژنەدا کە بە بەشداری ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوردانی نیشتەجێی لەم ناوچەیە بەڕێوە چوو.
ڕێوڕسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان لەلایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە گوڵاڵە ئێبراهیمپورەوە دەستی پێ کرد.
دوای ڕێنمایە ئەمنییەتییەکان لەلایەن ئەیوب سەدیقی بەرپرسی چاوەدێران، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز لەلایەن ئەندامی چالاکی حیزب کەماڵ عەلیزادەوە خوێندرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا چەند برووسکە و چەپکەگوڵی پیرۆزبایی لەلایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکان بەو بۆنەوە پێشکەش بە کۆمیتە ناوچەی ترۆندلاگ کرا کە بریتی بوون لە:
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان/ لقی ترۆندهایم
ـ کۆمەڵە سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران / ناوچەی ترۆندلاگ
دواتر سەلاحەدین وەهابپوور ئەندامی دێرینی حیزبی دێمۆکرات کورتەباسێکی پڕ ناوەرۆکی لەسەر مێژووی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵا پێشکەشی بەشداربووان کرد.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا هەورام ڕەحیمی بە پەخشانێکی تایبەت بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز کۆڕەکەی ڕازاندەوە.
ڕێورەسمی ٢٦ی سەرماوەزی ئەمساڵ بە شایی و هەڵپەرکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.