ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤، وێبنارێک بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بە بەشداریی بەڕێز کاک عومەر باڵەکی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژاوای کانادا بەڕێوە چوو.
لە سەرەتادا، بەڕێز سمایل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزب لە کانادا چەند وتەیەکی لەسەر بابەتی وێبنارەکە و هەروها ناساندنی کاک عومەر باڵەکی پێشکەش کرد.
لە درێژەی وێبنارەکەدا، بەڕێز باڵەكی بابەتێكی دەوڵەمەندی لەسەر قۆناخە جیاكانی پێكهاتنی هێزی پێشمهرگە کوردستان لە سەردەمی كۆماری كوردستان تاكوو ئەمڕۆ پێشکەش کرد.
ناوبراو وتی، لە سەرەتای دروستبوونی سپای میللی لە كۆمار و ناونانی ئەو هێزە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و لە ماوەی ٨٠ ساڵ خەباتی بێوچانی حیزبدا، هێزی پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی ئاڵا و دەسکەوتەکانی گەلی کوردی لە ئەستۆ بووە.
کاک عومەر باڵەكی گرینگیی هێزی پێشمەرگەی کورستان بۆ بەرگری لە خاک و نەتەوەی كورد لە بەرامبەر هێرشی سپای داگیرکەریدا بەرز نرخاند و ڕایگەیاند کە ئێستا ئەو بەرخۆدانە بووەتە هۆی پارێزگاری لە كلتوور، زمان و شوناسی نەتەوەیی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە ئەوەش بە گیانفیدایی ڕۆڵە تێكوشەر و ماندوونەناسەكانی گەل بە دەست هاتووە.
بەڕێز باڵەکی باسی ئەوەی کرد، ئێستاش هەر خۆشەویستی پێشمەرگە لەنێو دڵی خەڵكی كوردستاندا ماوە و هەر وەک لە بزووتنەوەی ژینادا دیتمان و بەتایبەتیتر لە نەورۆزی خاكیپۆشان كە جلی پێشمەرگە بۆتە هێمای بەرخۆدان لە ڕوژهەڵاتی کوردستان.
کاک عومەر باڵەکی لە بەشێكی دیكەی قسەکانیدا وتی خۆشەویستی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگە بەشیكی دانەبڕاوە لە مێژوو و كومەڵگای كوردستان و هەر كاتێک حیزب بێهەویێت بڕواتەوە نێوخوی كوردستان ئەو پەیوەندییە نەپچڕاوە و هەر زێندووە چونکه بیر و هزری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بە تایبەت حیزبی دێموكرات لەنێو دڵی خەڵكی كوردستاندا ڕێشەی داكوتاوە و تا گەیشتن بە ئامانجی یەكجارەكی و پاراستنی ئەو دەسكەوتانەی درێژەی دەبێت.
لە کۆتایی وێبنارەکەدا، کاک کەیۆمەرس بەیگی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ڕۆژاوای کانادا و سەعید گوڵشەن، بەرپرسی کومیتەی حیزب لە ڕۆژهەڵاتی کانادا پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانیان لە هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان و بەشداربووانی وێبنارەکە کرد و هەروها سپاسی کاک عومەر باڵەکیان بۆ کات تەرخانکردن و بەشداری لەو وێبنارەدا کرد.
جێگای ئاماژەیە ئەندامانی حیزب لە وڵاتی کانادا لە هەردوو بەشی ڕوژاوا و ڕوژهەڵاتی کانادا و چەند هاوڕێیەکی دیکە لە ئورووپا لەو وێبینارەدا بەشدار بوون.