کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەشکردنی شیری ماوەبەسەرچوو بەسەر قوتابییانی ئیلامدا؛ نکۆڵیی بەرپرسانی ڕێژیم لەو کارەساتە

11:46 - 24 سەرماوەز 2725

هەرچەند جێگری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە ئیلام باسی لە دابەشکردنی شیری بێ بەرانبەر بەسەر ٧٥٠ قوتابخانەی ئیلام کردبوو، ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا" ڕاپۆرتێکی لەمەڕ ماوەبەسەرچوویی شیری  ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە ئیلام بڵاو کردەوە و لەوبارەوە هۆشداریی جیددی دا.

ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی، ڕێخکراوی مافی مرۆیی "کوردپا" بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دووتوێی ڕاپۆرتێکی ورددا ئاماژەی بە دابەشکردنی شیری ماوەبەسەرچوو بەسەر قوتابییانی شارەکانی دێهلۆران، دەڕەشار و ئاودانانی ئیلام لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمەوە کرد و لەوبارەوە نووسیویەتی: "بەهۆی بەکارهێنانی ئەو شیرە ناتەندروستە، چەندین قوتابی باری تەندروستییان تێک چووە و دوو قوتابیش بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە".

زانیارییەکانی "کوردپا" دەرخەری ئەوەن کە ناوەندی دابەشکردنی ئەو شیرە ماوەبەسەرچووە، قوتابخانەی "شیروودی" لە ئاودانان بووە.

 لە کاتێکدا مەترسیی جیددیی بۆ سەر تەندروستیی هەموو قوتابییانی ئیلام لە ئارادایە بەرپرسانی ڕێژیم لەو پارێزگایە حاشایان لە ناتەندروستبوونی ئەو شیرە کردووە و ڕەتیان کردووەتەوە.

شایانی باسە کە دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر ئەو کارەساتە و لە ئاکامی نیگەرانیی جیددیی بنەماڵەی قوتابییان و زەخت و گوشاری چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆیی، ئیدارەی پەروەدە و بارهێنانی ڕێژیم لە ئیلام ناچار بە ڕوونکردنەوە کرا و دابەشکردنی شیریان لە قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە ڕاگرت.

شایانی باسە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم بۆ جارێکی دیکە نکۆڵیی لە خراپبوونی ئەو شیرە کردووە و لەوبارەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسیویەتی: "بەپێی بەدواداچوونەکان ئەو شیرانە هیچ کێشەیان لە بواری چۆنایەتییەوە نییە و ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانە تەنیا دەنگۆ و درۆیە و هیچی تر".

 لە ماوەی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەیان کارەساتی جیددیی دیکە لە شارەکانی کوردستاندا لە ئاکامی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیمەوە بەرەوڕووی قوتابییان بووەتەوە کە هەندێکیان بریتیین لە: "ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی شیناوێی پیرانشار، ژەهراویی بوونی ئاوی چەندین قوتابخانە، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی گوماناوی، دابەشکردنی ماددەی هۆشبەر بە شێوەی سیستماتیک، نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست، ڕووخان و پواویی قوتابخانەکان".